Accessibility links

دادگای ئیتیحادی، ڕەنگە ببێتە هۆی دواخستنەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق


کێشەی نێوان لایەنەکانی عێراق، لەسەر یاسا و پێکهاتەی ئەنجومەنی دادگای ئیتیحادی عێراق، ڕەنگە ببێتە هۆی دواخستنەوەی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراق، کە بڕیارە لەمانگی 10 ی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت، بە تایبەت ڕای لایەنەکان لەسەر ئەو دادگا هەستیارە، زۆر دوورە لە یەکتریەوە.

دادگای ئیتیحادی عێراق کە 9 ئەندامی هەیە، لەسەردەمی پۆل برێمەر، حاکمی مەدەنی عێراق ، بە فەرمانێکی تەشریعی دامەزراوە، کە دەبووایە لە ساڵی 2005 دا و دوای پەسەندکردنی دەستور، یاسا بۆ ئەنجومەنەکە دەرکرابا، بەڵام لەو کاتەوە و بەهۆی ناکۆکی نێوان لایەنەکان، یاساکە کە لە 24 مادە پێکهاتووە، دەنگ لەسەر 21 مادەی دراوە، بەڵام 3 مادەکەی تری، ماوەی 16 ساڵە ڕێککەوتنی لەسەر نەکراوە.

ئەو 3 مادەیەی ناکۆکیان لەسەرە، پەیوەندی بە دیاریکردنی ئاراستەی حوکمڕانی دەوڵەتەوە هەیە، لەنێوان دەوڵەتی دینی و دەوڵەتی مەدەنی دا، پێچەوانەی یاساکانی تر، کە بەزۆرینەی دەنگ تێدەپەڕێنرێن، بۆ تێپەڕاندنی، پێویستی بەدەنگی دوو لەسەر سێی پەرلەمانە، بۆیە شیعەکان تا ئێستا نەیانتوانیووە تێیپەڕێنن.

سێ مادە کێشە لەسەرەکەی دادگای ئیتیحادی، پەیوەندیان بە ژمارەی شارەزا ئاینیەکانی نێو دادگای ئیتیحادیەوە هەیە، کە شیعەکان دەیانەوێت ژمارەیان 4 شارەزا بێت و هاوشێوەی دادوەرەکان مافی دەنگدانیان هەبێت، بەڵام لایەنەکانی تر، نایانەوێت شارەزا ئاینیەکان مافی دەنگدانیان هەبێت و دەوڵەت بەرەو ئاینی ببرێت، بەڵکو دەیانەوێت تەنها ڕۆڵی ڕاوێژکاریان هەبێت، هەروەها چۆنیەتی بڕیاردانی ئەنجومەنەکەش، بە کۆدەنگی بێت یاخود دەنگی دوو لەسەر سێ، لەگەڵ بەستنی کۆبوونەوەی ئەنجومەنەکەش، بەوەی بەئامادەبوونی سەرجەم ئەندامەکانی بێت یاخود زۆرینە، دیسانەوە جێی مشت و مڕە.

بەهار مەحمود ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، ڕوونیکردەوە ڕای لایەنەکان لەسەر یاسای دادگای ئیتیحادی لەیەکتریەوە دوورن، بەتایبەت یاسای ئەو دادگایە، کە لە 24 مادە پێکهاتووە و 21 مادەی تێپەڕێنراوە، بەڵام 3 مادەی ماوە، کە ئەو 3 مادەیە، ڕۆحی یاساکەیە و کێشەی نێوان لایەنەکانی لەسەرە، وتی"گەر ئیرادەیەکی تەواو نەبێت بۆ دەرچوواندنی یاساکە، تا دادگای ئیتیحادی بکەوێتەوە کار، ڕێکەوتنی لایەنەکان لەسەری قورسە، چونکە ئەمە پەیوەندی بە روئیای دەوڵەتەوە هەیە، بەشێک دەیانەوێت، دەوڵەت بکەنە دەوڵەتێکی دینی، بەشەکەی تریش، دەیانەوێت دەوڵەتی مەدەنی بێت."

ئەنجومەنی دادوەری کە لە 9 ئەندام پێکهاتووە، لە ئێستادا ئەم دادگایە پەکی کەوتووە، بەو پێیەی یەکێک لە ئەندامەکانی کۆچی دوایی کردووە و یەکێکی تریان، خانەنیشینکراوە، بۆیە ئەنجومەنەکە ناتوانێت نیسابی یاسایی تەواو بکات، بۆ پەسەندکردن و ڕەتکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن.

لە غیابی یاسای دادگای ئیتیحادیشدا، لایەنە شیعەکان ناکۆکن لەسەر پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی لە دادگای ئیتیحادیدا دروستبووە و پڕکردنەوەی ئەندامەکانی، بەڵام نایانەوێت ئەم ناکۆکیە زومی بخرێتە سەر و بەئاشکرا لە میدیا دەنگدانەوەی هەبێت.

سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"دادگای ئیتیحادی لە دەستور گرنگترە، چونکە شیکردنەوە بۆ دەستور دەکات و سستمی سیاسی دیاریدەکات، بەتایبەت ئەم دادگایە لە ڕابردوودا، ڕۆڵی یەکلایی کەرەوەی هەبووە لە دیاریکردنی هاوپەیمانێتی گەورە و بچوکدا، بۆیە ململانێیەکی شاراوەی گەورە لەنێو شیعەکاندا هەیە، بۆ دەستگرتن بەسەریدا."

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:02 0:00


XS
SM
MD
LG