Accessibility links

وەزیری کۆچ و کۆچبەران: لە هەوڵداین بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان


کەمپی ئاوارەکان

وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی حکومەتی عێراق بە سەردانێک گەشتە پارێزگای سلێمانی و سەردانی ئاوارەکانی کەمپەکانی عەربەتی کرد و لەنێویاندا ئەو ئاوارانەی پارێزگای سەڵاحەدین کە بەهۆی کێشەی عەشیرەتەکانەوە ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و چەندین ساڵە لە ناو کامپەکاندا ژیان بەسەردەبەن.

دوای سەرهەڵدانی داعش و دەستگرتنیان بەسەر ڕووبەرێکی فراوان لە چەند پارێزگایەکی عێراق بۆ ماوەی چەند ساڵێک و دواتریش تێکشکاندیان لەلایەن هێزە عێراقییەکان و میلیشیا شیعییەکانەوە، هەزاران هاوڵاتی پارێزگای سەڵاحەدین ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون بەهۆی تۆمەتبارکردنیان بە هاوکاریکردنی داعش لەلایەن چەند میلیشیایەکی شیعە و چەن عەشیرەتێکی ئەو ناوچەکەوە‌.

ئەمڕۆ هەینیی، ئیڤان فایەق ، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە سەردانێک گەشتە کەمپی ئاوارەکان و دڵنیایی دا لە هەوڵەکانیان لەگەڵ عەشیرەتەکانی پارێزگای سەڵاحەدین تاکو ئاسانکاری بکەن بۆ گەڕانەوەی ئەو ئاوارانەی بۆ ماوەی چەندین ساڵە زێدی خۆیان جێهێشتووە.

ئەو گوتیشی "گفتوگۆی بەردەوام هەیە لەگەڵ سەرۆک عەشیرەتەکان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان. لە ئێستادا نزیکەی ٧٠ خێزانن و ئێمە لەگەڵ گەڕانەوەیانداین، بەڵام بەو مەرجەی لەسەر ویستی خۆیان بێت. داوا لە هیچ یەکێک لە خێزانەکان ناکەین لە ژێر فشاردا کامپەکان جێبهێڵن و بگەڕێنەوە. بەڵام ئەمڕۆ پێویستمان بە هاریکاریییەکی ڕاستەقینەی نێوان حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێم هەیە لەسەر ئەم پرسە."

لەکاتێکدا بەشێکی ئاوارەکان گەڕاونەتەوە و بەشێکیان ئامادەنین بگەڕێنەوە، لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاماژە بەوە دەکەن پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکان پێویستە بە ویستی خودی ئاوارەکان بێت و لە ژێڕ هیچ فشارێکدا نەگەڕێندرێنەوە.

وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئاماژەشی بەوە کرد بۆ گەیاندنی ئەم پرۆسەیە بە ئەنجام، پێویستە حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێم و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش هاوکار بن و گوتی "پێویستە بەشداربین لە پەرەپێدانی پڕۆژە بۆ گەڕاندنەوەیان. ئەمڕۆ نەک تەنها حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەند، بەڵکو لەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش پێویستە کە بەشداربێت لە پرۆسەی گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بە ویستی خۆیان و هاوکاری حکومەتی ئێستا بکەن لەوەی بەشداربن چونکە حکومەتەکە جدییە لەسەرچارەسەرکردنی ئەم کەیسە."

دوای سەرهەڵدانی ڕێکخراوی داعش لە عێراق و سووریا، ملیۆنان کەس ئاوارەی ناوخۆی وڵات، وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی ڕۆژئاوا بوون، لەکاتێکدا بەشێکی بەرچاوە ئاوارە عێراقییەکان گەڕاونەتەوە ماڵەکانیان، بەشێکیش لەبەر هۆکاری جیاجیا ناگەڕێنەوە و ژیانی ناو کامپەکان بە گونجاوتر دەبینن.

please wait
Embed

No media source currently available

0:00 0:02:53 0:00
Direct link


XS
SM
MD
LG