Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: بەرنوسەکانی بودجە و دادگای فێدراڵی عێراق


وتووێژەکان لەسەر بەرنوسی یاسای دادگای فێدراڵی لە پەرلەمانی عێراق بەردەوامە و هێشتاش جیاوازی ڕوانین هەیە لەسەر بەندەکانی ئەم بەرنوسی یاسایە لەناو فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی وڵاتەکەدا.

یەکێک لە ناکۆکییە سەرەکییەکان لەسەر ئەم بەرنوسە ئەوەیە، فراکسیۆنە شیعەکان داوا دەکەن هەموارکردنەوەی ئەم یاسایە بە زۆرینەی دەنگ بێت و ژمارەیەک فراکسیۆنی تریش لە پەرلەماندا دەخوازن ئەو دەنگدانەی بۆ ئەم بەرنوسە دەکرێت، بەپێی بەندی 92ی دەستوری عێراق بێت و گۆڕانکارییەکانی ناو دادگای فێدراڵی بە دەنگی 2 لەسەر 3ی ئەندامانی پەرلەمان بێت.

پێشتر وەک لە لێدوانی پەرلەمانتارانی عێراق و بە تایبەتیش ئەندامانی لیژنەی یاسایی پەرلەمان ئاماژەی پێدەکرا، فراکسیۆنەکان خواست و ویستیان هەیە بۆ تێپەڕاندنی ئەم بەرنوسی یاسایە و پەکنەخستنی و هەروەها دەشڵێن وەک پێویستییەکی گرنگ باس دەکرێت بۆ عێراق.

لەو دەوڵەتانەدا کە فێدراڵین، دۆسێی چاودێریکردنی ئەوەی یاساکان لەسەر بنچینەی دەستوری وڵاتەکە داڕێژراون، یەکێکە لە دۆسێ هەرەگرنگەکان.

میوانی بەرنامە: سەرکەوت شەمسەدین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق
میوانی بەرنامە: سەرکەوت شەمسەدین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق

لەم جۆرە دەوڵەتانەدا دابەشکردن و دەستنیشانکردنی دەسەڵاتەکان لە نێوان نێوەند و هەرێمەکاندا گرنگە؛ ئەمە ئەگەر کۆڵەکە هەرە سەرەکییەکەی نەبێت.

بەپێی بەندی 92ی دەستوری عێراق، دادگای فێدراڵی لە دەستەیەک دادوەری سەربەخۆ پێکدێت، سەربەخۆ لە ڕووی دارایی و کارگێڕییەوە و پێویستە ئەندامانی ئەم دادگایە شارەزای شەریعەتی ئیسلامی و یاساناسیشی تیادا بن.

بوارەکانی کارکردنی ئەم دادگایە زۆرن، لەوانە چاودێریکردنی دەستوریبوونی یاساکان، لێکدانەوە و ڕاڤەکردنی بەندەکانی دەستور، یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی نێوەند لەگەڵ حکومەتەکانی هەرێمەکاندا، یەکلاکردنەوەی ئەو تۆمەتانەی ڕووبەڕووی سەرۆکی کۆمار و سەرەک وەزیر و وەزیرەکان دەکرێنەوە و بڕیاردان لەسەر ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و چەندان ئەرکی تریش.

لە ئێستادا کە بەرنوسی ئەم یاسا گرنگە لە پەرلەماندا هێشتا دەنگی لەسەر نەدراوە، بەرنوسی بودجەش ماوەتەوە و ئەمیشیان بڕیارە لە هەفتەی ئایندەدا دەنگی لەسەر بدرێت پاش مشتومڕێکی زۆر لە نێوان فراکسیۆنەکانی پەرلەماندا و هەروەهاش هێنان و بردنی لە نێوان پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا.

سەرکەوت شەمسەدین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لە فراکسیۆنی هاوپەیمانی هیوای کوردستانی، وەڵامی پرسیارەکانی بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا دەداتەوە سەبارەت بە پرسەکانی تایبەت بە بودجە و و هەروەهاش دادگای فێدراڵی عێراق.

please wait

No media source currently available

0:00 0:29:41 0:00

XS
SM
MD
LG