Accessibility links

پاپا ستایشی ئایەتوڵا سیستانی دەکات


پاپا هاوکاتی گەڕانەوەی بۆ ڕۆما پاش سەردانە مێژووییەکەی بۆ عێراق، لە ناو فڕۆکەکەیدا بە پەیامنێرانی وتووە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ئایەتوڵا عەلی سیستانی " کۆبوونەوەیەکی باش بووە بۆ گیانی خۆم"و هەروەها ئایەتوڵا سیستانیشی بە "پیاوێکی ژیر" ناودێرکردووە.

پاپا دەڵێت "هەستم دەکرد پێویستە ئەم حەجەی بڕوا ئاینییە بکەم و بچمە ئەوێ تا پیاوێکی مەزن و ژیر و پیاوی خودا ببینم، کە هەر بە گوێگرتن لێی دەتوانیت ئاوەها باسی بکەیت."

لە لێدوانەکەیدا پاپا فرانسیس دەڵێت "ئایەتوڵا سیستانی، پیاوی ژیریی و پیاوێکی دنیادیدەیە و پێی وتم لەم 10 ساڵەی ڕابردوودا میوانداری هیچ کەسێکی نەکردووە لەوانەی ئامانجی سیاسییان هەبووە، بەڵکو تەنها میوانداری ئەوانەی کردووە کە مەبەستی ئاینییان هەبووە."

پاپا دەڵێت "ئایەتوڵا سیستانی هاوکاتی کۆبوونەوەکەمان زۆر بەڕێز بووە و هەستم بە شانازی دەکرد و ئایەتوڵا سیستانی هەرگیز لەبەر میوانەکانی هەڵناستێتە سەرپێ، بەڵام دوو جار بۆ سڵاوکردن لە من هەستایە سەرپێ."

2 ساڵ لەمەوبەر، پاپا پەیماننامەی "پێکەوەژیان لە پێناو ئاشتی جیهانی و مرۆڤایەتی" مۆرکرد لەگەڵ شێخ ئەحمەد ئەلتەیب، کەسایەتی موسڵمانی سوننە و ئیمامی ئەزهەر.

ڕێککەوتن لەسەر هیچ پەیماننامەیەکی هاوشێوە لەگەڵ ئایەتوڵا سیستانیدا نەکراوە، کە نوێنەرایەتی بەشە سەرەکییەکەی تری ئاینی ئیسلام دەکات، بەڵام پاپا دەڵێت "هەنگاوی تر دەنرێن" لەم دیالۆگەی لەگەڵ ئیسلامدا هەیەتی و دەشڵێت "دەبێت لەگەڵ ئاینەکانی تردا بەرەوپێش بچین."

پاپا ئاماژەی بەو ڕەخنانەش کردووە کە کاسۆلیکە نەریتییەکان لێی دەگرن و نیگەرانن لەوەی ئاینەکان هەموویان لە یەک ئاستدا سەیر بکرێن.

پاپا فرانسیس دەڵێت "هەندێک هەن ڕەخنە دەگرن و دەڵێن پاپا ئازایەتی تیادا نییە و ئاگای لە خۆی نەماوە و هەنگاوەکانی لە دەرەوەی ڕێوشوێنەکانی کاسۆلیکییە و یەک هەنگاوی ماوە بۆ بیدعە."

وەک وەڵامێکیش بۆ ئەو ڕەخنانە، پاپا دەڵێت "ئەم هەنگاوانە مەترسییان تیادایە، ئەم جۆرە بڕیارانەش هەمیشە لە نوێژ و نزا و دیالۆگ و داواکردنی ئامۆژگارییەوە دەدرێن، ئەمە ڕەنگدانەوەیە نەک هەر حەزێکی کاتی."

XS
SM
MD
LG