Accessibility links

پاپا دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆما


سەرۆکی عێراق لە فڕۆکەخانەی بەغدا ماڵاوایی لە پاپا دەکات
سەرۆکی عێراق لە فڕۆکەخانەی بەغدا ماڵاوایی لە پاپا دەکات

پاپا فرانسیس، کۆتایی بە سەردانەکەی هێنا بۆ عێراق کە یەکەم سەردانی پاپایەکە لە مێژوودا بۆ عێراق و ئەم سەردانەش بەبێ هیچ گرفتێک بوو وێڕای نیگەرانییە ئاسایشییەکان و هەروەهاش ئەو نیگەرانیانەی بەهۆی شەپۆلی دووهەمی پەتای کۆرۆناوە لە وڵاتەکەدا هاتبوونە ئاراوە.

لەم سەردانەی پاپادا بۆ عێراق ڕووبەرێکی زیاتر لە 1400 کیلۆمەتری ناو ئەو وڵاتەی بەسەرکردەوە و هاندانێک بوو بۆ کریستیانەکانی عێراق کە ژمارەیان بەرەو کەمبوونەوە دەڕوات و هەروەهاش دەستخستنە ناو دەستی موسڵمانە شیعەکان بوو، لەڕێی کۆبوونەوە لەگەڵ ئایەتوڵا عەلی سیستانی، ڕابەری باڵای شیعەکانی عێراق.

پاپا لە کۆتایی سەردانەکەیدا و لە وتارێکدا ئاماژەی بەوە کرد "لەم ماوەیەی لەگەڵ ئێوەدا بووم، دەنگی خەم و مەخابنی ئێوەم بیست و هەروەهاش دەنگی هیوا و هاوسۆزیتانم بیست."

هەر لەو وتارەیدا پاپا دەڵێت "ئێستا کاتی گەڕانەوەم بۆ ڕۆما نزیک بۆتەوە، عێراق هەمیشە لەناو دڵمدا دەبێت."

لەو 3 ڕۆژی سەردانەیدا بۆ عێراق کە بەرنامەیەکی چڕ و پڕی هەبوو، پاپا زیاتر لە 6 وتاری پێشکەش کرد کە دەکرێت بگوترێت لە هەموو ئەو شارانەی سەردانی کردن و لە هەموو وتارەکانیشیدا جەختی لە خۆشەویستی و پێکەوەژیان دەکردەوە.

لە بەغدا، ڕۆژی هەینی پاپا داوای کۆتاییهێنانی کرد بە توندوتیژی و بە توندڕەویی و داوای لە کاربەدەستانی وڵاتەکەش کرد تا کاری زیاتر بکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.

پاپا فرانسیس، ئێزدییەکانی بە "قوربانیانی بێتاوانی دەستی دڕندایەتییەکی بێ مانا" ناودێر کرد پاش ئەو هێرشانەی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکەی دەوڵەتی ئیسلامی لە ساڵی 2014دا کردیە سەر ئێزدییەکان.

لە میانەی سەردانەکەیدا، پاپای ڤاتیکان لەو مەڕاسیمەی لە ناوچەی ئور کرا بۆ دیالۆگی ئاینەکان، لەگەڵ نوێنەرانی کەمایەتیەکانی تری ناو عێراقدا دیداری کرد.

بڕوا وایە، پێغمبەر ئیبراهیم لە ئور لەدایک بووبێت.

پاپا ڕۆژی شەممەش کۆبوونەوەیەکی پڕ بایەخ و بێ پێشینەی کرد لەگەڵ ئایەتوڵا عەلی سیستانی، ڕێبەری باڵای شیعەکانی عێراق کە دەڵێت "پێویستە کریستیانەکان مافی ژیانێکی ئاشتیانەیان هەبێت."

پاپا فرانسیس تەواوی ڕۆژی یەکشەممەی لە باکوری عێراق بەسەربرد کە بە شەڕ وێرانبووە و لەوێش هاوسۆزی و پشتیوانی خۆی دەربڕی بۆ ئەو کریستیانانەی بەهۆی ڕووداوەکانەوە دووچاری بارێکی ناهەمواری دەروونی بوونەتەوە.

پاپا دەڵێت "ئاوارەبوونی بە کۆمەڵی کریستیانەکان زیانێکی گەورە دەدات، نەک هەر لە تاکەکان و کۆمەڵگە دیاریکراوەکان، بەڵکو زیانی گەورەش لەو کۆمەڵگەیە دەدات کە لە پاش ئەوان دەمێنێتەوە."

XS
SM
MD
LG