Accessibility links

پەرلەمانی لیبیا بۆ دەنگدان بە حکومەتی کاتیی کۆدەبێتەوە


عەبدولحەمید دبیبە، سەرەک وەزیری دەستنیشانکراوی لیبیا

پەرلەمانی لیبیا کۆدەبێتەوە بۆ دەنگدان بە حکومەتێکی یەکگرتووی کاتیی لەم وڵاتە دابەشبووەدا و ئەمەش بە هەنگاوێکی گرنگ دادەنرێت بەرەو هەڵبژاردنەکانی مانگی 12ی داهاتوو و هەروەهاش بە ئاڕاستەی سەقامگیری پاش 10 ساڵی گێرەشێوێنی توندوتیژ ئامێز.

لە دوای ڕوخاندنی ڕژێمی لیبیا و کوژرانی موعەمەر ئەلقەزافی دیکتاتۆری لیبیا لە ساڵی 2011دا لە ئاکامی ئەو سەرهەڵدانەی هاوپەیمانێتی ناتۆ پشتیوانی دەکرد، لیبیا لە ئاژاوە و گێرەشێوێنیدایە و لایەنە ڕکابەرەکانیش لە هەوڵی بەدەستهێنانی دەسەڵاتدان لەم وڵاتە دەوڵەمەند بە نەوتەی باکوری ئافریکا.

هەوڵێک لە ئارادایە بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یەکگرتنەوەی لیبیا پاش ئەو ئاگربەستەی لە مانگی 10ی ڕابردوودا هاتە ئاراوە لە نێوان دوو بەڕێوبەرایەتییە ڕکابەرەکەدا کە هەر یەکەیان لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای لیبیادا لەلایەن وڵاتانی بیانییەوە پشتیوانی دەکرێن.

ئەنجومەنی نوێنەرانی لیبیا کە لە 188 ئەندام پێکدێت، ئەمڕۆ دووشەممە لە شاری بەندەریی سێرت کۆبووەوە کە دەکەوێتە نێوان شاری تەرابلوسی پایتەخت و ئەو ناوچەیەی ڕۆژهەلاتی وڵاتەکە کە بەڕێوبەرایەتییە ڕکابەرەکەی تەرابلوسی لێیە.

حکومەتەکەی تەرابلوس، لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دانیپێدانراوە.

عەبدولحەمید دبیبە، سەرەک وەزیری دەستنیشانکراو لە مانگی 2دا بۆ ئەو پۆستەی هەڵبژێردرا لەو دانوستاندانەی یو ئێن سەرپەرشتی دەکرد و زۆرێک لە لایەنەکانی لیبیا بەشدارییان تیادا کرد تا وڵاتەکەیان بە ئاڕاستەی ئەو هەڵبژاردنەدا ببەن کە بڕیارە ڕۆژی 24 مانگی 12ی داهاتوو بکرێت.

حکومەتە کاتییەکەی دبیبە، ڕووبەڕووی سەختی گەلێک قورس دەبێتەوە بۆ چارەسەرکردنی مەینەتییەکانی گەلی لیبیا، لە قەیرانی ئابورییەوە کە ڕێژەی بێکاریی زیاد کردووە تا دەگاتە کۆنترۆڵکردنی ئەو گرانییەی لە وڵاتەکەدا هەیە و هەروەهاش دابین کردنی خزمەتگوزارییە بنچینەییەکان.

دبیبە، ملیاردێر و کاردار، لە هەفتەی ڕابردوودا ناوی 33 ئەندامەکەی کابینەکەی خستە بەردەم پەرلەمانی وڵاتەکە بۆ پەسەند کردن، بەڵام ناوەکان بۆ ڕای گشتی لە لیبیادا ئاشکرا نەکراون.

ئەگەر بێتوو ئەم کابینە کاتییە پەسەند بکرێت، ئەوا جێی حکومەتی هاوپەیمانی نیشتمانی دەگرێتەوە لە تەرابلوس کە فایز ئەلسەڕاج سەرۆکایەتی دەکات و هەروەهاش جێی ئەو بەڕێوبەرایەتییەش دەگرێتەوە لە ڕۆژهەڵاتی لیبیا کە ژەنەراڵ خەلیفە حەفتەرپشتیوانی دەکات.

ئەگەر ئەمڕۆش دووشەممە یاسادانەرانی لیبیا ئەم کابینە نوێیەیان پەسەند نەکرد، ئەوا دەبێت دەنگدانێکی تر بکرێت و دبیبە تا 19ی مانگی 3ی لەبەردەستدایە بۆ پەسەندکردنی کابینەکەی.

XS
SM
MD
LG