Accessibility links

پاپا لەگەڵ باوکی ئالان کوردی کۆدەبێتەوە


پاپا فرانسیس لەگەڵ باوکی ئالان کوردیدا کۆ دەبێتەوە، ئەو منداڵەی لە تەمەنی 3 ساڵیدا هاوکاتی پەڕینەوە لە دەریای ناوەڕاستدا خنکا و وێنەکەی سەرنجی هەموو جیهانی بەلای خۆیدا ڕاکێشا وەک مەینەتییەکانی کۆچبەران و هەوڵەکانی دەدرێن بۆ ژیانێکی باشتر لە ئەوروپادا.

ڤاتیکان دەڵێت، دوابەدوای نوێژ و نزاکەی ڕۆژی یەکشەممەی پاپا لە شاری هەولێر، پاپا فرانسیس دیدارێکی لەگەڵ عەبدوڵا کوردیدا هەبووە و دیدارەکە کاتێکی زۆریشی خایاندووە.

پاپا لە ڕێی وەرگێڕێکەوە گوێی لە بەسەرهاتی عەبدوڵا کوردی گرتووە و هاوسۆزی و هاوخەمیی خۆی دەربڕیوە بەهۆی لەدەستدانی کەسوکارییەوە و عەبدوڵا کوردی، سوپاسی پاپای کردووە بۆ ئەو هاوسۆزییەی.

ئەندامانی خانەوادەی عەبدوڵا کوردی لە ساڵی 2015دا لە شاری کۆبانییەوە، هاوشێوەی کۆچبەرانی تری سوریا بە بەلەمێکی بچوک ڕێی دەریایان گرتەبەر تا بگەنە وڵاتی یۆنان. کاتێک بەلەمەکە وەردەگەڕێت، ئالان کوردی و برایەکی و دایکیشی گیان لەدەست دەدەن.

وێنەی تەرمەکەی ئالان کوردی، کە شەپۆلەکانی دەریا گەیاندیانە کەنارێکی تورکیا، بووە سیمبۆلی مەترسییەکانی چوونی کۆچبەران بۆ ئەوروپا و وێنەکەش ناڕەزاییەکی گەورەی بە دوادا هات لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی.

عەبدوڵا کوردی لە ئێستادا ڕێکخراوێکی خێرخوایی لە هەولێر بەڕێوە دەبات.

XS
SM
MD
LG