Accessibility links

دوا وتاری پاپا لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ عێراق


لە دوا وتاریدا لە میانەی سەردانەکەی بۆ عێراق، بە هەزاران کەس لە یاریگای فرانسوا حەریری، لە شاری هەولێر ئامادەبوون.

پاپا لەم وتارەیدا ئاماژەی بە هۆکاری سەردانەکەی کرد بۆ عێراق و وەک دەڵێت "خۆڕاگری عێراقییەکان وەهای کرد سەردانی عێراق بکات."

پاپا فرانسیس لەو وتارەیدا جەختی لە دۆسێکانی پێکەوە ژیانی ئاشتیانە کردەوە لە ڕێی پێکهێنانی دۆستایەتی و خۆشەویستی لە نێوان نەتەوە جیاوازەکانەوە و دەشڵێت "نابێت ڕق و کینە لە دڵدا بهێڵنەوە و ناشبێت دوو ڕوو بین."

کاتێک پاپای ڤاتیکان ئاماژەی بە توندوتیژیەکانی ناو عێراق کرد، باسیشی لەوە کرد "برینەکانی توندوتیژی لەسەر جەستەی هەموومان هەن، پێویستە لە ڕێی کار و ئەرکەکانمانەوە ئەو هەڵانەی ڕوویانداوە ڕاست بکرێنەوە."

لە وتارەکەیدا کە ڕێوڕەسمی نزای ڕۆژی یەکشەممە بوو، پاپا سوپاسی هەرێمی کوردستانی عێراقی کرد بۆ پێشوازیکردن لە ئاوارە ئێزدیەکان و دایشتوانی شوێنەکانی تری عێراق کە بەهۆی مەترسییەکانی تێرۆریزمەوە ئاوارەی هەرێمەکە بوون.

پاپا دەڵێت "پێویستە چارەسەرکردنی کێشەکان بکرێن لە ڕێی ژیرانە و پێکەوەژیانی ئاین و نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکانەوە."
لە کۆتایی ئەم سەردانە مێژووییەیدا بۆ عێراق و لە وتارەکەیدا لە یاریگاکەی هەولێر پاپا جەختیکردەوە لەوەی " ئێستا ساتی گەڕانەوە بۆ ڕۆما نزیک بۆتەوە، بەڵام هەمیشە عێراق لە یاد و لە دڵمدا دەبێت."

پاپا بە جەختکردنەوە لە ئاشتی کۆتایی بە وتارەکەی هێنا و دەڵێت "لەم چەند ڕۆژەی لەگەڵ ئێوەدا بووم، گەوێم لە دەنگی ئازار و مەینەتی بوو، هەروەها گوێیشم لە نزا بوو، ئاشتی، ئاشتی، ئاشتی."
دوا دەستەواژەی وتارەکەیشی، پاپا بە زمانی عەرەبی وتی خواتان لەگەڵبێت.

یاریگای فرانسوا حەریری، بە ناوی سیاسییەکی کریستیانی کوردی عێراقەوە ناونراوە کە بەر لە 20 ساڵ لە هەولێر کوژرا.

ئەو یاریگایە شوێنی نزیکەی 20 هەزار کەسە، بەڵام بەهۆی ڕێوشوێنەکان بۆ خۆپاراستن لە پەتای کۆرۆنا نزیکەی 10 هەزار کەس ئامادەبووبوون.

XS
SM
MD
LG