Accessibility links

هێرشی ئاسمانی دەکرێتە سەر پایتەختی یەمەن


هاوپەیمانێتی بە سەرکردایەتی عەرەبستانی سعودیە ڕایدەگەیەنێت دەستکراوە بە کردەیەکی لەشکریی لە ڕێی هێرشی ئاسمانییەوە بۆسەر سەنعا پایتەختی یەمەن و شوێنی تریش لەو وڵاتەدا.

دەستپێکردنی ئەم کردە لەشکریە وەک لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ یەکشەممەی هاوپەیمانێتییەکەدا هاتووە "پاش ڕیگەگرتن بووە لە 10 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە حوسییەکان ناردبویاننە سەر شانشینی عەرەبستانی سعودیە."

کەناڵی ئەلمەسیرە، کەناڵی فەرمی یاخیبووانی حوسییەکان دەڵێت 7 هێرشی ئاسمانی کراونەتە سەر سەنعا.

لە ڕاگەیاندنەکەی هاوپەیمانێتی بە سەرکردایەتی عەرەبستانی سعودیەدا هاتووە "ڕێگە لە 10 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حوسییەکان گیراوە کە بە بەرنامە و بە مەبەست دەخوازرا هاوڵاتیانی سیڤیل بکەنە ئامانج."

لەم ڕاگەیەندراوەدا هیچ ئاماژەیەک نەکراوە بەوەی ئەو شوێنانەی لەناو سەنعادا هێرشی ئاسمانییان کراوەتە سەر کوێ بوون.

شانشینی عەرەبستانی سعودیە لە ساڵی 2015وە سەرۆکایەتی هاوپەیمانێتییەکی سەربازی دەکات بۆ پستیوانی کردنی حکومەتی یەمەن.

حکومەتی یەمەن لەوەتای ساڵی 2014وە کە حوسییەکان دەستیان گرت بەسەر پایتەختی وڵاتەکە و ژمارەیەک ناوچەی تریشدا، لە شەڕێکی خوێناویدایە لەگەڵ یاخیبوواندا.

بەردەوام ناوچەکانی شانشینی عەرەبستانی سعودیە کەوتوونەتە بەر هێرشی موشەکی باڵستیکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حوسییەکان کە کۆماری ئیسلامی ئێران پشتیوانییان دەکات.

XS
SM
MD
LG