Accessibility links

کاکەییەکان دوو نامە ڕادەستی پاپا فرەنسیس دەکەن


لە دووهەم ڕۆژی سەردانەکەیدا بۆ عێراق، پاپا فرەنسیس لە شاری دێرینی ئور لە پارێزگای زیقار، چاوی بە نوێنەری کەمایەتیە ئاینیەکانی عێراق کەوت، لەو دیدارەدا، کەسایەتیەکی ئاینی کاکەیی، کە بەسمێڵێکی گەورە و جل و بەرگی کوردیەوە، لە پاڵ پاپادا دەرکەوت، تیشکی میدیاکانی بەرەو لای خۆی کێشکرد.

ڕەجەب کاکەیی وەکو نوێنەری کاکەییەکان بەشداری لە دیدارەکەی پاپادا کرد، دوو نامەی کاکەییەکانی گەیاندە دەستی، نامەیەکیان، هی کاکەییەکانی جیهان بوو، بەڵام نامەی دووەمیان، نامەی کاکەییەکانی عێراق بوو، کە هەردوو نامەکە بە شێوەزاری گۆران نوسرابوو.

دەربارەی ناوەڕۆکی ئەو نامانەی ڕادەستی پاپا فرەنسیس ی کرد، ڕەجەب کاکەیی، بەدەنگی ئەمەریکای وت"بە ناوی کاکەییەکانی جیهانەوە، داوامان لە پاپا کرد، ئامۆژگاری سەرۆکی وڵاتان و پیاوانی ئاینی بکات، ڕق و کینە وەلاوە بنێن، ئامۆژگاری پەیامبەران بە جێبهێنن، کە ئاشتی و پێکەوە ژیانە."

جگە لە کەسایەتیە موسڵمانە شیعە و سونەکان، نوێنەری کەمایەتیە ئاینیەکانی وەک: ئێزدی، زەردەشتی، کریستیان و چەند پێکهاتەیەکی تری ئاینی بەشداربوون لە دیدارەکەی پاپادا، کە دەستپێکی دانیشتنەکەیان بە هەستانە سەر پێ و خوێندنەوەی دوعای هاوبەشی هەموو ئاینەکان بوو.

رەجەب کاکەیی، ڕوونیکردەوە کەمینە ئاینیەکان، خراپی دۆخی خۆیان لە ناوچە کێشەلەسەرەکان و کوشت و بڕکردنیان بەهۆی جیاوازی ئاینیەوە، گەیاندووەتە پاپا، داوایانکردووە لایەنەکان واز لە کێشمەکێش و ململانێ بهێنن لەو ناوچانە، وتی"داوامانکرد شکۆمەندی مرۆڤ و مافە ڕەواکانی پارێزراو بێت."

پاپا فرەنسیس، کە ماوەی سێ ڕۆژە لە عێراقە و لەسەردانەکەیدا، چاوی بە زۆربەی سیاسیەکانی عێراق و پیاوانی ئاینی کەوت، هانیدان بۆ ڕێزگرتن لە یەکتری و بەرقەرارکردنی ئاشتی، بڕیارە ئەمڕۆ، یەکشەمە، کۆتایی بەسەردانەکەی بهێنێت.

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتی دڵشاد ئەنوەر، پەیامنێری دەنگی ئەمەریکادایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:46 0:00


XS
SM
MD
LG