Accessibility links

یاسین تەها: سەردانی پاپا بۆ درووستکردنی مەعنەوییاتی مەسیحییەکانە و هاندانیانە تا لە شوێنی خۆیان بمێننەوە


لە درێژەی گەشتەکەیدا بۆ عێراق، ئەمڕۆ پاپا فرانسیس گەیشتە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ کاربەدەستان و کریستیانیەکانی هەرێمی کوردستان و دەشتی نەینەوا کۆبووەوە و توێژەرێکی کوردیش باس لەوە دەکات سەردانی پاپا بۆ ناوچەکە خاوەن خەسڵەتێکی گرنگی تایبەت بە خۆیەتی و لە چەندین ڕووەوە پەیامی جیا دەدات لەسەر عێراق و پێکهاتەی کریستیان لە وڵاتەکەدا.

یاسین تەها، توێژەر و ڕۆژنامەنووس، لە وتوێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا باس لە سەردانی پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان دەکات بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و ئاماژە بەوە دەکات بەهۆی پۆست و دەسەڵاتی جیاجیای پاپاوە، ئەم سەردانە چەند مانایەک دەگەیەنێت.

"پاپا فرانسیس سێ پۆستی هەیە. سەرۆکی دەوڵەتی ڤاتیکانە، نوێنەری کورسی ڕەسوولی قەشە پوترسە و گەورە و سەرداری کڵێساکانی کاسۆلیکە لە جیهاندا. بەشێک لەو سەردانەی کە هەیەتی بە سیفەتە دەوڵەتییەکەیە وەکو دیبلۆماسییەتی ڤاتیکان و پەیوەندیگرتن لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەی کە ڕەعایەتی مەسیحییان تێدایە."

پێکهاتەی کریستیان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، بەتایبەتیش لە سەردەمی حوکمڕانی ڕێکخراوی داعش لە بەشێکی عێراقدا، تووشی دەردەسەری زۆر بوونەوە. بەپێی داتاکان لەکاتێکدا پێش ساڵی ٢٠٠٣ نزیکەی ملیۆن و نیوێک کریستیان لە عێراقدا ژیاون، بەپێی دوایین سەرژمێرییەکان، ژمارەیان کەمبووەتەوە بۆ نزیکەی سێ سەد هەزار کەس لە عێراقدا.

"ئێستا مەسەلەی هەراسانکردنی مەسیحییەکان بۆ ئەوەی زەوییەکانیان چۆڵبکەن و دابەشکردنی زەوی لە ناوچەکانیان بەسەر شەهیدانی حەشدی شەعبی و زۆر هۆکار هەن کە دەبنە هۆی بێزارکردنی مەسیحییەکان. ئەم سەردانەی پاپا زیاتر بۆ درووستکردنی مەعنەوییاتە لەلایە مەسیحییەکان و هاندانیانە بۆ ئەوەی لە شوێنی خۆیان بمێننەوە."

ئەمەش لەکاتێکدایە جوگرافیای عێراق و هەرێمی کوردستان کە لە کۆندا بە میزۆپۆتامیا ناسراوە، پەیوەندی لەگەڵ ئاینی کریستیاندا دەگەڕێتەوە بۆ مێژوویەکی زۆر کۆن و هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی ئاینەکەدا لەم ناوچەیەدا بڵاوبووەتەوە و خەڵکانێک پەیڕەویان لێکردووە.

"ئاینی کریستیان یەکێکە لە پێکهاتە دێرین و ڕەسەنەکانی ناوچەکە. بەپێی سەرچاوە مەسیحییەکان و تەنانەت سەرچاوە ئیسلامییەکانیش مێژووی هاتنی مەسیحییەت بۆ میزۆپۆتامیا و بە دیاریکراویش بۆ شارەکانی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٩ی زاینیی."

یاسین تەها، توێژەر و ڕۆژنامەنووس پێی وایە کە ئەم سەردانە لەڕووی دیبلۆماسی، سیاسیی، ئاینیی و گەشتیارییەوە تایبەتمەندییەکی زۆری هەیە بۆ عێراق و لەڕێگای ئەو سەدان دەزگایانەی ڕاگەیاندنی دونیا کە عێراق پیشاندەدەن، پەیامی ئەوە دەدات کە قۆناغی دوای داعش قۆناغی ئاشتی و پێکەوەژیانە.

ئەمڕۆ پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان گەشتە هەرێمی کوردستان و سەردانی دەشتی نەینەوا و قەرەقوشی کرد و بڕیار وایە لە شاری هەولێردا مەراسیمی ئاینیی و نزا و نوێژی بەکۆمەڵ ئەنجامدات.

زانیاری زیاتر لە ڕاپۆرتی ڕێباز مەجید، پەیامنێری دەنگی ئەمەریکادایە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:57 0:00


XS
SM
MD
LG