Accessibility links

پاپا سەردانی شارۆچکەی قەرەقوش دەکات لە دەشتی نەینەوا


پاپا فرانسیس دوابەدوای وێستگەکانی سەردانەکەی بۆ بەغدا و نەجەف و ئور، سەردانی شاری هەولێر، پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکات و لەوێش لەلایەن گەورە کاربەدەستانی هەرێمەکەوە پێشوازی لێدەکرێت.

بڕیارە هەر ئەمڕۆ یەکشەممە پاش سەردانەکەی پاپا بۆ شاری موسڵ، بەگەڕێتەوە بۆ هەولێر و لە یەکێک لە ستادیۆمەکانی هەولێردا، وتارێک پێشکەش بکات بە ئامادەبوونی هەزاران کەس.

پاپا داوای سنگفراوانی و لێبوردەیی دەکات، بەرامبەر ئەو هەموو نادادی و ناڕەواییەی دژی بە کریستیانەکان کراون لەلایەن ڕێکخراوە تێرۆرئیستییەکەی دەوڵەتی ئیسلامییەوە.

پاپا فرانسیس، لە شاری موسڵ نوێژ و نزای کرد لەناو چوار کڵێسای داڕوخاودا بۆ ئەوانەی لە شەڕەکاندا کوژراون و سەردانی کڵێسایەکی نۆژەنکراوەیشی کرد لە شارۆچکەی قەرەقوش، لەوێش پاپا داوای پشودرێژی و لێبوردەیی کرد. ژمارەیەکی کەمی کریستانەکان گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان کە بەهۆی داگیرکردنەکان و دڕندایەتییەکانی داعشەوە لە ساڵی 2014دا ناوچەکانی خۆیان جێهێشتبوو، هەرچەندە نزیکەی 4 ساڵیشە شکستپێهێنانی داعش لە عێراق ڕاگەیەندراوە.

لە هەموو وێستگەکانی سەردانەکانیدا بۆ باکوری عێراق، دانیشتوانی کریستیان لەو ناوچانەدا بە خۆشی و جل و بەرگی ئاڵ و واڵاوە پێشوازییان لە پاپا کردووە، هەرچەندە بەهۆی گرتنەبەری ڕێوشوێنێکی توندی ئاسایشییەوە، پاپا فرانسیس نەیدەتوانی تێکەڵ بە ئاپۆڕەی خەڵکەکە بێت، کە وەک بارێکی باو هەمیشە ئەو جۆرە نزیک بوونەوەیەی لە خەڵک هەیە.

هەرچۆنێک بێت خۆشحاڵی زۆری ئەو کریستیانانەی لەو ناوچانەدا ماونەتەوە لە پێشوازیکردنی پاپادا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی "لەبیر نەکراون."
شارۆچکەکانی کریستیانەکان لە دەستی نەینەوا چۆڵکرابوون و بە هەمان شێوەش زۆرێک لە موسڵمانەکانیش لە ساڵی 2014دا بەهۆی هێرشەکانی داعشەوە ناوچەکانیان چۆڵکردبوو، لە پاش ئازادکردنەوەی پارێزگای نەینەواشەوە، ژمارەیەکی کەمیان گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان و ئەوانی تریش بە شوێنەکانی تری عێراقدا پەرش و بڵاوبوونەتەوە، یانیش ڕوویان لە وڵاتانی تر کردووە.

هاوکاتی گەیشتنی پاپا بۆ شارۆچکەی قەرەقوش، زەنگی کڵێساکان دەستیان بە لێدان کرد، لە وتارەکەشیدا لە یەکێک لە کڵێساکانی شارۆچکەکەدا پاپا دەڵێت "لێبوردەیی، وشەی سەرەکی کریستیانەکانە."

پاپا دەڵێت " ڕێگەی بوژاندنەوەی تەواوەتی درێژە، داواتان لێدەکەم ڕێگە بە شکست مەدەن، ئەوەی پێویستە، تواناییە بۆ لێبوردەیی و هەروەهاش ئازایەتی بۆ خۆبەدەستەوە نەدان."

بۆ ڤاتیکان، بوونی کریستیانەکان لە عێراقدا زۆر گرنگە تا ئاینی کریستیانی بە زیندوویی بمێنێتەوە لەو وڵاتەدا کە لە سەروەختی حەزرەتی عیسا پێغەمبەرەوە، کۆمەڵگەی کریستیانەکان لە عێراق هەبوون.

XS
SM
MD
LG