Accessibility links

کریستیانەکانی شاری سلێمانی خۆیان بۆ پێشوازی لە پاپا ئامادەکردووە


لەکاتێکدا بڕیار وایە ڕۆژی یەکشەممە پاپای ڤاتیکان بگاتە شاری هەولێر، پەیڕەوانی ئاینی کریستیان لە شاری سلێمانی بە جۆشن بۆ بینینی پاپا و بەشداریکردن لە مەراسیمە ئاینییەکان و ئەو نوێژانەی بڕیار وایە سبەینێ لە هەولێردا بخوێنرێن بە ئامادەبوونی پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان.

قەشە ئەیمەن عەزیز هورموز، قەشەی کەنیسەی مار یوسف لە شاری سلێمانی لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا باسی لەوە کرد کە ئەوان بە تەواوی خۆیان ئامادەکردووە بۆ بەشداری لە مەراسیمی پێشوازی و نوێژی بە کۆمەڵ لە شاری هەولێر.

"ئێمە وەکو مەسیحییەکانی سلێمانی خۆمان حازرکردووە، ئامادەکاریمان کردووە بۆ پێشوازی لە پاپای ڤاتیکان، کە بەشداری دەکەین لە قوداسی گەورەی شاری هەولێری پایتەخت لەگەڵ هەموو مەسیحییەکانی هەرێمی کوردستان".

پاپا فرانسیس یەکەم پاپای ڤاتیکان نییە کە خواستی هەبێت لەسەر ئەوەی سەردانی عێراق بکات. پێشتر و لە سەردەمی ڕژێمی سەددام حوسەیندا، پاپای ڤاتیکان ویستبووی بێتە عێراق، بەڵام ئەو کات لەلایەن ڕژێمی پێشووەوە هاوکاری نەکرابوو.

هەربۆیە پاپا فرانسیس، لەگەڵ گەشتنی بە عێراق، لەگەڵ کەسایەتییە سیاسیی و ئاینییەکاندا کۆبوویەوە و سەردانی چەند شوێنێکی کرد لەوانەش شاری ئوور، کە بە شوێنی لەدایکبوونی پێغەمبەر ئیبراهیم دەناسرێت کە لەلای ئاینە ئاسمانییەکان بە هاوشێوەیی ڕێزی لێدەگیرێت.

قەشە ئەیمەن لەبارەی پاپا فرانسیسەوە وتی "پاپای ڤاتیکان یەکەم پیاوی مەسیحییە لە ژیان کە مەسحییەکانی کاسۆلیک کە ژمارەیان ملیارێک و چوارسەد ملیۆن کەسە، هەروەها برا ئۆرسۆدۆکسەکان و برا پرۆتێستانتەکان هەموویان ڕێز لە پاپای ڤاتیکان دەگرن و وەک باوکی هەموومانی دەبینن."

وا بڕیارە سبەینێ یەک شەممە، پاپا فرانسیس بە سەردانێک بگاتە شاری هەولێر و لەوێش بە ئامادەبوونی هەزاران کەس لە پەیڕەوانی ئاینیی کریستیان نوێژی بە کۆمەڵ بخوێنرێت. بۆ ئەمەش کریستیانەکانی هەرێمی کوردستان بەجۆشن بۆ بەشداری لەم مەراسیمە ئاینییەدا.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:22 0:00


XS
SM
MD
LG