Accessibility links

پەرلەمانتارێکی عێراق: لەسەر کەیسی هێرشکردنە سەر د. غالب ، پارتی هەڕەشەی دوو ئیدارەیی کردووە


پەرلەمانتارێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت پارتی دیموکراتی کوردستان هەڕەشەی دوو ئیدارەیی لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کردووە ئەگەر بێت و ئەوانەی لەسەر کەیسی هێرشکردنە سەر پەرلەمانتار غالب محەمەد دەستگیرکراون، ئازادنەکرێن.

هۆشیار عەبدوڵا، پەرلەمانتاری پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا وتی "لەڕاستیدا ئەو فشارەی کە پارتی درووستیکردووە لە ڕێگای سەرۆکی پارتییەوە و لە ڕێگای سەرۆکی حکومەتیشەوە، ئەوەمان پێدەڵێت کە پارتی بە تۆخی تێوەگلاوە لەم تاوانەوە. ئەگینا پێویست بوو هەموو کارئاسانییەک بکەن بۆ دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارە، بەڵام ئەوەی کە سێ کەس دەستگیربکرێن و دواتر بە زەختی ڕاستەوخۆی پارتی هەوڵبدرێت ئازادبکرێن، وە تەهدید بکرێ بەوەی ئەگەر ئەمانە ئازادنەکرێن دوو ئیدارەیی و ئەگەر ئەمانە ئازادنەکرێن هەموو شتێک ڕوودەدات، بەڕاستی ئەمە پرسیارێکی گەورە لەسەر پارتی درووستدەکات کە دەستیان هەبێت لەم تاوانە."

هەر ئەو شەوەی دکتۆر غالب محەمەد لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە شاری سلێمانی هێرشی کرایە سەر، پۆلیسی سلێمانی دوای چەند کاتژمێرێک لە بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکانی کامێرای چاودێری وتی ئەو کەسەی گومان دەکرێت هێرشەکەی ئەنجامدابێت حامید سۆفی ساڵحە. گومانلێکراو پێشتر پێشمەرگەی سوپای ڕزگاری پارتی دیموکراتی کوردستان بووە.

بەڵام ئاری هەرسین، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا وتی "سوپای ڕزگاری لە ئەخیر فیشەکی شەڕی ناوخۆوە هەتاکو ئێستا کۆتایی بە موهیممەکەی هاتووە. هەر نەماوە. ئەگەر کەسێک بیست ساڵ لەوەوپێش، پانزە ساڵ لەوەوپێش، سی ساڵ لەوەوپێش لە ڕێکخراوێکی سیاسییدا بووبێت، دوای سی ساڵ بچێت تاوانێک بکات ئەوە چ ئیلاقەیەکی هەیە بەسەر ئەو ڕێکخراوەوە؟"

بەپێی زانیارییەکانی دەنگی ئەمەریکا سێ کەس کە لە ناو دەزگایەکی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان ئەفسەرن لەلایەن پۆلیسی سلێمانییەوە دەستگیرکرابوون بە تۆمەتی کارئاسانی بۆ تۆمەتبار حامید سۆفی ساڵەح تا وەکو هێرشەکە ئەنجامبدات دواتریش هاوکاریکردنی بۆ ئەوەی لە سلێمانییەوە هەڵبێت بۆ هەولێر، بەڵام دواتر هەر سێ کەسەکە ئازادکراون.

لەم بارەیەوە دەنگی ئەمەریکا بە بەردەوامی و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ هەوڵیدا لێدوان لە پۆلیسی سلێمانی وەربگرێت لەسەر دەستگیرکردن و دواتریش ئازادکردنی ئەو سێ کەسە، بەڵام پۆلیسی سلێمانی کە پێشتر ئاگادارکرابووە لەسەر ئەو پرسە پرسیاریان لێدەکرێت، وەڵامی هیچ یەکێک لە تەلەفۆنەکانیان نەدایەوە.

لەم بارەیەوە، لاهووری شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، دوێنێ چوارشەممە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر هێرشێکی توندی کردە سەر مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نووسی دەستیان داوەتە کاروباری دادگا بۆ ئەوەی ئەو سێ کەسە ئازادبکرێن و کەیسەکە دێزە بە دەرخونە بکرێت، بۆیە سەرۆکی "حکومەت لێرەوە پێت دەڵێم تۆ بە تەواوەتی متمانەت لەدەستداوە ئەگینا ئەمەت قبووڵ نەدەکرد."

هەروەها نووسیویەتی "هەر ئەو حکومەتەی کە لە کەیسی دەستگیرکردنی (٥) چالاکوانەکەی بادینان داوای لە هەموو لایەنەکان دەکرد کە دەستوەردان لە کاروباری دادگا نەکەن، کەچی هەمان حکومەت بە ئاشکرا و بە هەڕەشەکردن داوای ئازادکردنی (٣) ئەفسەری دەزگایەکی هەواڵگریی هەرێم دەکات کە لەسەر کەیسی پەلاماردانی پەرلەمانتار غالب محەمەد دەستگیرکراون."

هەر دوای چەند کاتژمێرێک بەسەر ئەم نووسینەی لاهووری شێخ جەنگیدا، جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمدا لە ڕێی نووسراوێکەوە ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە و نووسی "سەرۆکی حکومەت پاڵپشتی تەواوی خۆی بۆ دادگاکانی هەرێمی کوردستان دووپات دەکاتەوە کە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و سەربەخۆییانە دوور لە ئەجێندا و بەرژەوەندی هچ لایەک و دوور لە فشاری تاک و لایەنە سیاسییەکان، بڕیار لەسەر هەموو کەیسەکان بدات و هیچ کەسێکیش پشتگوێنەخرێت، لەوانە کەیسی ڕادەستکردنەوەی مستەفا سەلیمی و تیرۆرکردنی ئامانج بابانی و هاوژین و منداڵەکەی. داواش لە هەموو لایەک دەکات، خۆیان نەکەنە جێگرەوەی دادگاکان."

لە ڕاگەیەندراوەکەدا مەبەست لە مستەفا سەلیمی ئەو زیندانییە هەڵهاتووەی شاری سەقز بوو کە ساڵی پار یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پێی تۆمەتبار کرا بەوەی ڕادەستی کۆماری ئیسلامی ئێرانی کردبێتەوە و ئەوانیش دواتر لەسێدارەیان دا. مەبەستیش لە کەیسی ئامانج بابانی، ڕووداوی گیانلەدەستدانی ڕۆژنامەنووس ئامانج بابانی، هاوژینەکەی منداڵەکەیان بوو لە شاری سلێمانی کە ئەوکات دادگا بە ڕووداوی کوشتن و خۆکوشتن بڕیاری لەسەر دا. بەڵام لە ڕاگەیەندراوەکەی حکومەتدا بە کەیسی "تیرۆر" ناوهێنراوە.

هەروەها ئاری هەرسین، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە هەموو ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە کە پارتی لە پشت ئەم هێرشەوە بێت و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوەی دەسەڵاتی ئیداری و ئەمنیی سلێمانی لەژێر دەستە یەکێتییە نەک پارتی.

"لە زۆنی سەوز ئەوەی کە دەسەڵاتی ئەمنیی و ئیداری و ئەمانەی هەیە یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە، بۆیە لە هەموو پێشێلکردنێکی قانوون، ئەوەی کە بەر‌پرسە بەدواداچوون بکا و ڕاستییەکان بخاتە بەردەست یەکێتی نیشتیمانییە، ئێمە هیچ دەسەڵاتێکمان نییە لێرەدا. ئەگەر کەسێک شتێکی کردبێت، ئەبێت ئەو کەسە بێت کە لێرە حاکمە و دەسەڵاتی هەیە، کە چەکی پێیە و دەزگای ئەمنی و هەواڵگری لەژێر دەستایە. ئەمانە دەتوانن شت بکەن."

لەکاتێکدا ڕووداوی هێرشکردنە سەر پەرلەمانتار غالب محەمەد و پێشهاتەکانی دواتری بووەتە بابەتێکی گەرم لە نێو هاوڵاتیاندا، لە ئێستادا کەیسەکە بووە بە پرسێکی سیاسیی لە نێوان یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان و لە ئاستی باڵادا تۆمەتی جیاواز ئاراستەی یەکتر دەکەن لەسەر کەیسەکە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:45 0:00


XS
SM
MD
LG