Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: لە ڕاپەڕینەوە بۆ ئێستا


پاش زیاتر لە یەک مانگ هێرشی ئاسمانی و زەمینی هاوپەیمانانی بە سەرکردایەتی ئەمەریکا دژ بە ڕژێمە دیکتاتۆریەکەی سەدام حوسەین، یەکەم شەڕی کەنداو بەرەو کۆتایی ڕۆیشت و لەشکرە داگیرکارەکەی عێراق لە وڵاتی کوێت و ناو عێراقیشدا تێکشکێنرا.

هەر تەنها 2 ڕۆژ پاش ڕزگارکردنی وڵاتی کوێت، جۆرج بوش سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمەریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا بۆ گەلانی عێراق وتی "بە ڕوانینی من پێویستە گەلی عێراق سەدام وەلاوەبنێت و ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانی لەو وڵاتەدا هەن."
ئەم ڕاگەیاندراوە هاندەرێکی گەورە بوو بۆ شیعەکان لە باشور و کوردیش لە باکوری وڵاتەکەدا تا بەرامبەر ڕژێمە دیکتاتۆرییەکەی سەدام حوسەین ڕابپەڕن.

ڕۆژی 5ی مانگی 3ی ساڵی 1991، کورد لە عێراقدا لە شاری ڕانیەوە دەستی بە ڕاپەڕین کرد، لەو کاتەشەوە شاری ڕانیە بە دەروازەی ڕاپەڕین ناودێر دەکرێت.

30 ساڵ بەسەر ئەم ڕووداوە مێژووییەدا تێدەپەڕێت کە وەرچەرخانێکی گەورەی سیاسی و کۆمەڵایەتی بوو بۆ کورد لە عێراقدا و لەوکاتەشەوە کورد خۆی فەرمانڕەوای خۆیەتی لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا، وەک زۆرێک لە شیکەرەوە دەڵێن "دووانەی ڕاپەڕین و کۆڕەوەکەی هەمان ساڵ کاریگەرترین ڕووداو بوون بۆ وەرچەرخانە گەورەکەی مێژووی سیاسی کورد لە عێراقدا."

ڕاپەڕین، بەرەنجامێکی ئاسایی ئەو جەور و ستەمە بوو کە سیاسەتی پارتی بەعسی عەرەبی سەپاندبووی.

بەڵام ئێستا و پاش ئەو 30 ساڵە، پرسیارە گەورەکەکە لەوەدایە، ئایا لێکەوتە و بەرەنجامەکانی ئەم ڕاپەڕینە مێژووییە بۆ کورد چی بووە؟

چاودێر لەوبڕوایەدان هێشتاش لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا کێشە و نیگەرانی قوڵ هەن، وەک دەڵێن "هەمان ئەو زەمینەیەی ڕاپەڕینی دروستکرد هێشتا بوونی هەیە و کەلێنی دابەشبوونی کۆمەڵگەی کوردی فراوانە" و گازەندەی ئەوەش دەکرێت کە فەرمانڕەوایەتی و دەسەڵاتدارێتی لەو هەرێمەدا دروست نییە و هاوڵاتیان لە نێوان ئەرک و مافەکانیاندا چەواشە دەکرێن.

خوێندنەوەیەکی زۆر بۆ ڕاپەڕین و ئەنجامەکانی و ئامانجەکانیشی دەکرێت.

دەستەواژەکانی وەک ڕاپەڕین و شۆڕش و یاخیبوون و سەرهەڵدان و وەرچەرخان و هەتادوایی، هەر هەمووی بە ئامانجی گۆڕانکاری کردنن لە ژێرخانی کۆمەڵایەتیدا و هەروەها لە ڕەهەندە سیاسیەکەیشیەوە بەو مانایە دێت کە گۆڕینێکی بنچینەیی بێت لە دامەزراوەی سیاسی و دەسەڵات و فەرمانڕەوایەتی و هەروەها سیستەمی فەرمانڕەوایەتی پێش خۆی؛ بەڵام ئایا لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا و لەم 30 ساڵەی پاش ڕاپەڕیندا ئەم گۆڕانکاریانە ڕوویانداوە؟!

ڕاپەڕین چیی بە کۆمەڵگەی کوردی بەخشی؟ ئایا ئەو ئامانجانەی ڕۆژانی بەر لە 5ی مانگی 3ی ساڵی 1991 هەبوون، هاتنە دی؟

ئایا ئەرکی کێیە تا مرۆڤی کورد بتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت؟

ئایا دەسەڵاتی سیاسی کورد لە عێراقدا چەندێک توانیویەتی متمانەیەکی ڕاستەقینەی وڵاتانی گەورە و پێشکەوتووی جیهان بەدەست بێنێت؟

ڕاپەڕین، دامەزراوەکانی بەعس و فەرمانڕەوایەتی دیکتاتۆریی ڕووخاند لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا، بەڵام ئایا توانی ئایدیۆلۆژیەت و ستراتیژیەتی بەعس بڕەوێنێتەوە؟

لەتیف فاتیح فەرەج، نوسەر و لێکۆڵەر، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا، وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەک پرسیاری تریش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:30:48 0:00


XS
SM
MD
LG