Accessibility links

وردەکاری ئۆپەراسیۆنی هێزە عێراقیەکان لە پارێزگاکانی کەرکوک، دیالە و سەڵاحەدین


ڕۆژی چوارشەممە، هێزە عێراقیەکان ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانیان لە پارێزگاکانی دیالە، کەرکوک و سەڵاحەدین دژی چەکدارانی داعش ئەنجامدا، لە ئۆپەراسیۆنەکەی هەر سێ پارێزگاکەدا، 4 چەکداری هێزە عێراقیەکان کوژراون و نزیکەی 20 کەسیشیان لێ برینداربوو، دەستیشگیرا بەسەر ژمارەیەک حەشارگە و جبەخانەی داعش دا.

هێزە عێراقیەکان لەکاتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکەدا، توشی هیچ پێکدادان و ڕووبەڕوو بوونەوەیەک نەبوون لەگەڵ چەکدارانی داعشدا، سەرجەم چەکدارە کوژراو و برینداربووەکانی هێزە عێراقیەکانیش، بۆمبی چێنراوی داعشیان پێدا تەقیوەتەوە.

محەمەد فایەق بەرپرسی پێشووی ڕاگەیاندنی قایمقامیەتی خورماتوو، بەدەنگی ئەمەریکای وت"ئامانج لە ئۆپەراسیۆنی هێزە عێراقیەکان دوور خستنەوەی چەکدارانی داعش بووە، لەو ناوچانەی کە هێزی عێراقیان تێدایە."

ڕوونیشیکردەوە، هێزە عێراقیەکان دەیانەوێت لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنەوە، دەست بگرن بەسەر خۆراک و جبەخانەکانی داعش دا، لە دەشتایی و دۆڵ و شیوەکان، وتی"هەرچی چەکداری داعش کوژراوە، فڕۆکەکانی هاوپەیمانان و فڕۆکە عێراقیەکان کوشتوویانن، ئەگینا چەکدارانی داعش لەکاتی ئۆپەراسیۆندا، ناوچەکان جێدەهێڵن، کە ئۆپەراسیۆنەکان کۆتایی هات، جارێکی تر دەگەرێنەوە بۆ ناوچەکان."

بەچەند کاتژمێرێک پێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی هێزە عێراقیەکان، لە پارێزگاکانی کەرکوک، دیالە و سەڵاحەدین، داعش دوو کردەی سەربازی لە دژیان ئەنجامداوە، کردەی یەکەم، شەوی چوار شەمە بوو، لەگوندی ئەلبوعەساف ی رۆژاوای کەرکوک، بازگەی وەهمیان داناوە و چەکدارێکی حەشدی شەعبیان بەناوی ( یونس بورهان) ڕفاندووە.

لەهێرشی دووەمیشیاندا، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەمە، لەگوندی ئیسڵاح ی سەر ناحیەی جەلەولای پارێزگای دیالە، بەجل و بەرگی هێزەکانی حەشدی شەعبیەوە، هێرشیانکردووەتە سەر سوپای عێراق و چوار سەربازی عێراقیان بریندارکردووە، ئەمەش بەوتەی سەرچاوەیەکی ئەمنی بۆ دەنگی ئەمەریکا.

لای خۆیەوە عەلی حسێنی وتەبێژی میحوەری باکوری عێراقی حەشدی شەعبی، بەدەنگی ئەمەریکای وت"لە ئۆپەراسیۆنی هێزە عێراقیەکاندا، سەربازێکی عێراقی و چەکدارێکی حەشدی شەعبی گیانیان لەدەستدا، بەڵام دەستگیرکراوە بەسەر، دەیان جبەخانەی داعشدا."

لە بەشێک لەو ناوچانەی داعش جم و جۆڵ و چالاکی هەیە، ڕەبیە و خاڵی سەربازی هێزە عێراقیەکان و پێشمەرگە لە یەکتریەوە نزیکن، بەڵام هەماهەنگی و چالاکی سەربازیان، دژی چەکدارانی داعش نیە، تەنها ئەوە نەبێت، هەندێکجار لەکاتی هێرشی داعشدا، دەچن بە هانای یەکتریەوە.

محەمەد فایەق، ڕوونیکردەوە ژمارەی چەکدارانی داعش زۆر نیە، وەکو مەفرەزە بە ناوچەکەدا دەسوڕێنەوە و هێرش ئەنجام دەدەن، وتی"نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکان بۆشاییەکی زۆر هەیە، داعش سود لەو بۆشاییانە وەردەگرێت، بۆ جم و جۆڵ و چالاکی سەربازی."

لەئێستادا هێزە عێراقیەکان گەرچی لەڕووی چەک و تەقەمەنی و ژمارەی هێزەوە، گرفتی ئەوتۆیان لە ناوچە کێشەلەسەرەکان نیە، بەڵام ئەو هێزانە بە دەوروبەری ڕێگە سەرەکیەکان و بەنێو شاروشارۆچکەکاندا بڵاوکراونەتەوە، هەرچی چەکدارانی داعشیشە، سود لە دۆڵ و شیو و گوند و دەشتاییەکان وەردەگرن، کە دەستی هێزە عێراقیەکانی پێناگات.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:49 0:00


XS
SM
MD
LG