Accessibility links

فەرید ئەسەسەرد: گەر تورکیا بەرەو شەنگال بجوڵێت، شەڕی گەورە دروست دەبێت


بەرپرسی سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، ئاماژەبەوەدەکات دۆخی عێراق لەوپەڕی خراپیدایە، هۆکارەکەشی بۆ هاوکارنەبوونی هێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەگێڕێتەوە.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، فەرید ئەسەسەرد دەڵێت"هێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەکان بەشێک لە کێشەی نێوانیان بۆ عێراق گواستووەتەوە، هەریەکەیان و هەوڵی سڕینەوەی لاکەی تر دەدات."

جەختیکردەوە"گەر لایەنەکان کێشەی نێوانیان چارەسەر بکەن، بۆ عێراقیش باش دەبێت، بەتایبەت ئێران و ئەمەریکا، گەر ڕێکبکەون، هاوکاریش دەبن بۆ چارەسەری کێشەکانی عێراق."

پێشتر بەژمارەیەک موشەک هێرشکرایە سەر هەولێر، دواتر ئەمەریکا، ئێرانی بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار کرد، ئەمڕۆش بنکەی عەینولئەسەد هێرشیکراوەتە سەر، لەو بارەیەوە فەرید ئەسەسەرد پێیوایە ئەگەری گفتووگۆ لەنێوان ئێران و ئەمەریکا لە ئارادایە، کارتەکانی خۆیان بەرامبەر یەکتری بەکار دەهێنن، دەیانەوێت بەهێزەوە لەگەڵ یەکتری دابنیشن، بۆیە ئەمە رەنگدانەوەی لەسەر عێراق بە تایبەتی و ناوچەکە بەگشتی دەبێت.

سەبارەت بە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، بەوەی دەبێتە وێستگەیەک بۆ گۆڕانکاری یاخود سەرەتایەک بۆ دروستبوونی پشێوی، بەرپرسی سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیژی یەکێتی، دەڵێت"تا ئێستا ڕوون نیە، هۆکارەکەشی ئەوەیە، سستمی هەڵبژاردنی ئەمجارە، جیاوازە لەو سستمانەی دوای 2003 هەڵبژاردنیان پێ ئەنجام دراوە، بۆیە نازانرێت هەڵبژاردن عێراق بەرەو کوێ دەبات."

لەبەشێکی تری گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، فەرید ئەسەسەرد ئاماژەی بە ئۆپەراسیۆنەکەی گارەی سوپای تورکیا کرد، وتی"ئێمە ئاگاداربووین، ئۆپەراسیۆنەکەی گارە ئامانجەکانی بەدی نەهێنا، نازانین سەرکردایەتی تورکیا چۆن بیردەکاتەوە، ئایا دەیەوێ بە ئۆپەراسیۆنێکی تازە لە شەنگال، قەرەبووی شکستەکەی گارە بکاتەوە یاخود نا."

بەبڕوای فەرید ئەسەسەرد، گەر تورکیا بەرەو شەنگال هێز بجوڵێنێت، هێزە عێراقیەکان دەستەوەستان نابن، وتی"پێموایە پێکدادان دروست دەبێت، گەر لەوە زیاتر هێزەکانی تورکیا بێنە خوارەوە، چونکە حکومەتی عێراق و هێزە شیعیەکان ناتوانن بێدەنگ بن."

لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، فەرید ئەسەسەرد بەرپرسی سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیژی یەکێتی، ڕوونیکردەوە گەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەستوەردان نەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق، یاخود گەر زلهێزەکان هاوکار نەبن و دەستوەردان نەکەن، عێراق ناتوانێت کێشەکانی خۆی چارەسەر بکات.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:35 0:00


XS
SM
MD
LG