Accessibility links

لیبیاییەکان 100 کۆچبەر ڕزگار دەکەن


نزیکەی 100 کۆچبەر ڕزگار دەکرێن لە کەنارەکانی ڕۆژئاوای لیبیا پاش ئەوەی نەیانتوانی بگەنە ئەوروپا.

بەپێی سەرچاوەکان لە هێزی پاراستن و چاودێری کەنارەکان، 20 کەس لەو کۆچبەرانەی هەوڵیان دەدا بگەنە ئەوروپا بێسەروشوێنن.

لیبیا کە لەپاش ڕوخاندنی ڕژێمە دیکتاتۆرییەکەیەوە لە ساڵی 2011وە بۆتە خاڵێکی سەرەکی پەڕینەوەی کۆچبەران و پەنابەران بەتایبەتیش بۆ وڵاتانی باشوری بیابانی گەورە کە دەیانەوێت لە پێناو ژیانێکی باشتردا بگەنە ئەوروپا.

چاودێرانی کەنارەکانی لیبیا توانیویانە ئەو کۆچبەرانە ڕزگار بکەن و زۆربەشیان ئافریکایین و گەڕاندونیاننەتەوە بۆ بنکەیەکی هێزی دەریایی لە نزیک شاری تەرابلوس، پایتەختی لیبیا و لەوێش لیژنەیەکی تایبەتی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی کۆچبەری، پێشوازییان لێکردوون.

نوێنەری ئەو ڕێکخراوە دەڵێت "زۆربەی کۆچبەرەکان خەڵکی وڵاەکانی کامیرۆن و مالی و سودانن و 6 ژن و 1 منداڵیشیان تیادایە."

دووان لەو 100 کەسەی ڕزگار کراون لە بارێکی خراپی تەندروستیدا بوون و گەیەندراونەتە نەخۆشخانەیەکی تەرابلوس.

سەفاء مسێهلی، وتەبێژی ڕێکخراوی نێونەتەوەی کۆچبەری لە ژنێڤ دەڵێت "کارەساتێکی تری ئەم ڕووداوانە ئەوەیە لە زۆربەی جارەکاندا کارێکی زۆر کەم دەکرێت بۆ دۆزینەوەی تەرمی کۆچبەرەکان لە دەریادا." دەشڵێت دیمەنی دەرکەوتنەوەی ئەو تەرمانە لەس کەنارەکاندا بۆتە دیمەنێکی ئاسایی.

ڕۆژی شەممەش ڕێکخراوی چاودێری دەریا لە ئەڵمانیا ڕایگەیاند 147 کۆچبەری ڕزگار کردووە لە دەریای ناوەڕاستدا لە بەرامبەر لیبیا.

ڕێکخراوی نێونەتەوەیی کۆچبەری لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا نوسیویە "لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا بەلانیکەم 3700 ژن و پیاو و منداڵی گەڕاندۆتەوە بۆ لیبیا."

ئەم ڕێکخراوە دەڵێت زۆربەی ئەوانەی گەڕێندراونەتەوە بۆ لیبیا، دەستبەسەرکراون و لەژێر بارێکی ناهەمواردان و ڕۆژ بە ڕۆژیش خراپتر دەبێت.

XS
SM
MD
LG