Accessibility links

لەشکر تەقە لە خۆپیشاندەرانی میانمار دەکات


ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤ، سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت زانیاری باوەڕپێکراوی بەدەست گەیشتووە لەو هەڵمەتی سەرکوتکردنەی ئەمڕۆ یەکشەممەی میانماردا بەلانیکەم 18 کەس کوژراون و زیاتر لە 30 کەسیش بریندارن.

لە ڕاگەیەندراوەکەیدا، ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤ دەڵێت لە ژمارەیەک شار و شارۆچکەدا تەقە کراوە لە خۆپیشاندەرانی دژ بە فەرمانڕەوایەتی لەشکری میانمار، هەروەها هێزرەکانی پۆلیس لە چەند ناوچەیەکی تری ئەو وڵاتەدا، گازی فرمێسک ڕژێن وبۆمبی تیشک و بۆمبی دەنگییان بەکارهێناوە.

ڕافینا شامداسانی، وتەبێژی ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤ سەر بە یو ئێن دەڵێت زۆر بەتووندی ناڕەزایی دەردەبڕین بەرامبەر ئەو ئاستە بەرزەی توندوتیژییەکان دژ بە خۆپیشاندەرانی میانمار و دەشڵێت "داوا لە لەشکری میانمار دەکەین، دەستبەجێ بەکارهێنانی هێز ڕابگیرێت لە دژی خۆپیشاندانی ئاشتیانەی گەلی میانمار."
ئەمەش یەکەمین جارە ئەو ژمارە زۆرەی خەڵک بکوژرێن و بریندار بکرێن لەوەتای شەپۆلی ناڕەزایی دەستیپێکردووە بەهۆی کودەتا لەشکرییەکەی ڕۆژی یەکی مانگی 2ی میانمارەوە. خۆپیشاندەران داوای گێڕانەوەی حکومەتەکەی ئۆن سان سوچی دەکەن.

تۆڕی "دەنگی دیموکراسی میانمار" ڕایدەگەیەنێت تا کاتژمێر 5ی ئێوارەی وڵاتەکە 19 خۆپیشاندەر کوژراون و هەروەها وەک دەڵێت باس لە کوژرانی 10 کەسی تریش دەکرێت بەڵام هێشتا پشتڕاست نەکراونەتەوە.

گەواهدەران دەڵێن، خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆ یەکشەممەی میانمار زۆر گەورە بوون.

پشڕاستکردنەوەی هەواڵی ئاماری ڕاستەقینەی زیانە گیانییەکان، قورسە لە نێوەندی ئاژاوەکانی وڵاتەکەدا و هەروەها نەبوونی سەرچاوەی فەرمی بۆ دەنگ و باس.

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە میانمار لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت "دڵمان شکاوە کاتێک ئەم ژمارە زۆرەی گیانکێشان دەبینین لە میانمار. نابێت گەل ڕووبەڕووی توندوتیژی ببێتەوە بەهۆی ئەوەی دژی کودەتا لەشکرییەکەیە. بە ئامانج گرتنی خەڵکی سیڤیل، کارێکی قێزەونە."

XS
SM
MD
LG