Accessibility links

کەیهانی ئێران باس لە تەقینەوەکەی ناو کەشتییە ئیسرائیلییەکە دەکات


ڕۆژنامەی کەیهان لە ئێران دەنوسێت ئەو کەشتییە ئیسرائیلییەی لە کەنداوی عومان تەقینەوەکەی تیادا ڕوویدا "دەشێت لەلایەن هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەوە کرابێتە ئامانج" وەک ئاماژەیەک بە کۆماری ئیسلامی ئێران و هاوپەیمانەکانی ئێران لە ناوچەکەدا.

کەشتییە ئیسرائیلیە کە بارهەڵگری ئۆتۆمبێل بوو، ڕۆژی پێنجشەممە کاتێک لە دەمامی عەرەبستانی سعودیەوە دەچوو بۆ سەنگاپورا لە باکوری ڕۆژئاوای کەنداوی عومان، تەقینەوەیەک لە کەشتییەکەدا ڕوویداوە، بەپێی ڕاگەیەندراوی بنکەی ئاسایشی دەریایی لە لەندەن.

ڕۆژنامەی کەیهان کە سەر بە کۆنەپارێزانی ئێرانە، لە لاپەڕە یەکی ژمارەی ئەمڕۆ یەکشەممەیدا لە زاری پسپۆڕانی لەشکرییەوە بەبێ ئەوەی ناویان بێنێت دەنوسێت "ئەو کەشتییەی لە کەنداوی عومان کراوەتە ئامانج، کەشتییەکی لەشکریی ئیسرائیلییە و بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لە کەنداوی فارس و دەریای عوماندا بووە و لە ڕێی گەڕانەوەیدا بۆ ئیسرائیل کراوەتە ئامانج."

لە ڕاپۆرتەکەیدا ڕۆژنامەی کەیهان دەنوسێت کەشتییەکە بۆ سیخوڕایەتیکردن بووە و هەرچەندە بە نهێنی لە دەریادا بووە و لەوانەشە کەوتبێتە تەڵەی یەکێک لە لقەکانی هێزی بەرەنگاربوونەوەوە."

وەزیری بەرگری ئیسرائیل، ڕۆژی شەممە ئاماژەی بەوە کردبوو کە لێکدانەوە بەراییەکان وەهای دادەنێن ئێران بەرپرسیار بێت لەو تەقینەوەیەی لەناو کەشتییەکەدا ڕوویداوە.
لە لێدوانەکەیدا بۆ کەناڵی کان، تەلەفزیۆنی فەرمی دەوڵەتی ئیسرائیل، وەزیری بەرگری دەڵێت " شوێنی کەشتییەکە لە کاتی تەقینەوەکەدا نزیک بووە لە ئێرانەوە، ئەمەش وەها دەکات بڕوا بەو ئاڕاستەیەدا بێت کە ئێرانییەکان بەرپرسیار بن لەو تەقینەوەیە." بەڵام دەشڵێت پێویستە لێکۆڵینەوەی زیاتریش بکرێت.

ڕۆژنامەکەی کۆنەپارێزانی ئێران ڕای وەهایە "پاش ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەبدا، ئیسرائیل دەیەوێت بوونی خۆی لە کەنداوی فارسدا بەهێز بکات تا تاوانەکانی دژ بە هێزەکانی بەرەنگاربوونەوە درێژەپێبدات."

بەپێی کەناڵی کان، ڕامی ئۆنگار، کارداری ئیسرائیلی خاەونی کەشتییەکەیە و دەڵێت لە ئاکامی ئەو تەقینەوەیە دوو دەلاقەی گەورە لە کەشتییەکەدا دروست بوون و تیرەی هەر یەکێکیان نزیکەی یەک مەتر و نیوە و دەشڵێت "‌هێشتا نازانرێت تەقینەوەکە لە ئاکامی هێرشی موشەکی بووە یان مین بووە و بە کەشتییەکەوە لکێنراوە."

هیچ زیانێکی گیانی لە تاقمی کەشتیوانەکەدا ڕانەگەیەندراوە و و هیچ زیانێکیش نەکەوتووە لە ئامێرەکانی کەشتییەکە.

پێشتر ئەمەریکا، کۆماری ئیسلامی ئێرانی گوناهبار دەکرد بەوەی کەشتی و بارهەڵگرەکانی نەوت لە ناوچەی کەنداودا دەکاتە ئامانج. تاران بەردەوام نکوڵی لەو گوناهبارکردنانە دەکات.

XS
SM
MD
LG