Accessibility links

حەسەنییانی: ڕژێمی ئێران لەهەموو بوارەکاندا لەڕابردووی چل ساڵەیدا نیشانیداوە جێی متمانە نییە


سەرۆک جۆو بایدن لە میانەی ئاشکراکردنی سیاسەتەکانی دەرەوەیدا، لە وتارێکی ڕاستەوخۆیدا بۆ کۆنفرانسی ئاسایشی میونخ بە ڕێگای ئەلکترۆنی، ڕایگەیاند ئەمەریکا جارێکی تر دەگەڕێتەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران سەبارەت بە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی 2015 ی ئێران لەگەڵ زلهێزانی جیهاندا، بەڵام سەرۆکی پێشوو دانۆڵد ترامپ لە ساڵی 2018 لەو ڕێکەوتنە کشایەوە و سزای زیاتری سەپاند بەسەر کۆماری ئیسلامی ئێراندا.

سەرۆک بایدن لە کۆنفرانسەدا گوتی" ئێمە ئامادەی گفتوگۆی دووبارەین لەگەڵ وڵاتانی کۆمەڵی 5 بەزیادەی یەک (چین، فەرەنسا، ئەلمانیا، روسیا، بەریتانیا و ئەمەریکا) لەسەر بەرنامە ناوکییەکەی ئێران". گوتیشی "ئێمە دەبێت باسی چالاکییە ناسەقامگیرییەکانی ئێران لەسەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بکەین".

بەلای زۆرێک لە سیاسەتمەدار و شارەزایانەوە ئەم هەنگاوەی بایدن لەوانەیە ئاستەنگ بخاتە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی بایدنەوە.

کۆماری ئیسلامی ئێرانیش ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ گەڕانەوە بۆ دانوساندنەکان، بەمەرجی ئەوەی هیچ گۆڕانکارییەک لەڕێکەوتنە ناوکییەکەدا نەکرێت.

بەمدووایانەش مەجلسی شورای ئێران یاسایەکی پەسەند کرد، کە داوای کرد پەرە بە بەرنامە ناوکییەکەی بدات، ئەگەر ئەمەریکا سزاکانی دژی ئێران تا 21ی ئەم مانگە هەڵنەگرێت.

ڕاگەیاندنەکەی سەرۆک بایدن سەبارەت بە گەڕانەوە بۆ وتووێژەکانی ناوکی لەگەڵ ئێران، نیگەرانی لای یەکێک لەنزیکترین هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا دروستکردووە، ئیسرائیل ڕەخنەی لەدەستپێشخەری گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنەکەی JCPOA گرت و گوتی ئەمەریکا بەم کارەی ڕێگا لەبەردەم ئێران خۆش دەکات بۆ بەدەستهێنانی چەکی ناوکی.

تەها حەسەنییانی بە بەرنامەی هەلەو واشنتنی گوت، دیارە سەرۆک جۆو بایدن بەپێچەوانەی سەرۆکی پێشوو ڕوانگەی ئەوەی هەیە زۆرتر بایەخ بە دیپلۆماسی بدات، بەڵام ڕاستیەکە ئەوەیە، ئەو دیپلۆماسییە دەبێت بەشێوەیەک بێت کۆماری ئیسلامی ئێران بەرژەوەندی خۆی تێدا ببینێتەوە، بەڵام تاران نیشانی داوە پابەند نابێت بە هیچکام لەو بڕیارانەی کە دەدرێن، لەوانە دەست تێوەرنەدان لەکاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕاگرتنی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ.

حەسەنییانی گوتی ئەو خاڵانە گرنگن بەڵام ئەوەی کە دەگەڕێتەوە سەر پیتاندنی یۆرانیۆم یانیش چالاکییەکانی ووزەی ئەتۆمی لە ئێران، کۆماری ئیسلامی ئێران پێشتریش نیشانی داوە کە هەتا لەوێشدا ڕاستگۆیی نییە، بۆ نموونە فۆردۆ یەکێکە لەو پێگە زۆرگرنگانەی ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم، ئەو شوێنە تاکو یەکێک لە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران شوێنەکەی ئاشکرا کرد، نەیاندەزانی کە فۆردۆ هەیە یان لە فۆردۆ چی دەکرێت، ئەوە بۆ خۆی نموونەیەکە کە کۆماری ئیسلامی ئێران نیشاندەری ئەوەیە تاران لەو گفتوگۆیانەدا لەپەیوەندی لەگەڵ کێشەی ئەتۆمیشدا جێی باوەڕ پێکردن نیە.

جا ئایا متمانە بە تاران دەکرێت پابەندی مەرجەکانی ڕێکەوتنی ناوکی بێت؟ئایا ئێران دەست بەرداری چالاکییە ناسەقامگیرییەکانی دەبێت لە هەرێمەکەدا؟ ئایا بەڕێوەبەرایەتی بایدن بەبێ ڕەزامەندی ئیسرائیل دەگەڕێتەوە بۆ ڕێکەوتنی ناوکی لەگەڵ ئێران؟ ئایا ئێران بەرگەی بەردەوامبوونی سزاکانی ئەمەریکا وکۆمەڵگای نێونەتەوەیی دەگرێت؟ کامیان هەنگاوی یەکەم دەنێت، واشنتن بە سووککردنی سزاکان یا تاران بە جێبەجێکردنی مەرجەکانی ڕێکەوتنی ناوکی لەگەڵ ئێران؟ ئەم پرسیاران و چەندین پرسیاری دیکە، حەیدەر کەریم لە بەرنامەی هەلەو واشنتنی دەنگی ئەمەریکا لەگەڵ تەها حەسەنییانی ڕۆژنامەوان و ئەندامی میدیای کەمینە نەتەوەییەکان لە کەنەدا و لێکۆڵەری سیاسی بنکە لە کەنەدا تاوتوێ دەکات.

please wait

No media source currently available

0:00 0:32:43 0:00


XS
SM
MD
LG