پۆلیسی میانمار لە ماوەی سێ هەفتەدا لە دژی خۆپیشاندان لە شارو شارۆچکەکانی ئەو وڵاتە زۆرترین هەڵمەتی توندوتیژی دەستپێکردووە، ئەمڕۆ شەممەش بە پێی ڕاپۆرتە هەواڵییەکان ژنێک کوژراوەو و دەیان کەسیش دەستبەسەرکراون.
ئەم توندوتیژیانەش پاش ئەوە ڕوویاندا کە نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری میانمار داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد هەر شێوازێک بگرنەبەر بۆ ڕاگرتنی کودەتاکەی مانگی دووی ئەو وڵاتە.
میانمار لەوکاتەوەی کە سوپا دەسەڵاتی گرتۆتەدەست، سەرکردەی هەڵبژێردراو ئاون سان سووچی و زۆربەی سەرکردایەتی پارتەکەی دەستبەسەرکردووە و لە دۆخی ئاژاوە دایە، بە بیانوی ئەوەی ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکانی مانگی 11ساڵی ڕابردوودا کراوە.
زانیارییەکان لەسەر ئەو شوێنەی کە سوچی تێیدا دەستبەسەرە ناڕوونە، لەکاتێکدا ماڵپەڕی سەربەخۆی "میانمار ناو" لە ڕۆژی هەینی لە زاری بەرپرسانی پارتی کۆمکاری نیشتیمانی بۆ دیموکراسی بڵاویکردۆتەوە کە لەم هەفتەیەدا لە دەستگیرکردنی مانەوەی زۆرەملێ لەماڵەکەی خۆیەوە بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
ئەو کودەتایە سەدان هەزار خۆپیشاندەری هێنایە سەر شەقامەکان و هاوکات بۆتە هۆی ئەوەی کاریگەری لەسەرهەڵوێستی وڵاتانی ڕۆژئاواش دروستبکەن، هەندێک لەو وڵاتانە سزای سنورداریان سەپاندووە بەسەر میانماردا.