Accessibility links

د. غالب محەمەد، بەردەوام دەبم ئەگەر سەریشم لەسەر مافی خەڵک دابنێم


ڕۆژی هینی و نزیکەی کاتژمێر ٦:٣٠ ی ئێوارە، وەختێک د. غالب محەمەد، پەرلەمانتاری عێراق لە هاوپەیمانییەتی هیوا دەگەڕێتەوە ماڵەوە، پێش ئەوەی لە ئۆتۆمبێلەکەی داببەزێت، کەسێک کە لە کامێراکانی چاودێرییەوە دەموچاوی دەردەکەوێت، بە چەقۆ هێرشدەکاتە سەری و دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی، لە ئێستادا تەندرووستی جێگیرە.

دەنگی ئەمەریکا دوای ڕووداوەکە سەردانی د.غالبی کرد لە ماڵەکەیدا و بە ڕاستەوخۆ چاوپێکەوتنێکی لەگەڵدا ئەنجامدا، کە تێیدا ئاماژەی بەوە کرد ئەوان پێشتر لەلایەن دەزگای هەواڵگری عێراقییەوە زانیارییان لەسەر هەوڵی کوشتنی پێگەشتووە.

ئەو گوتی "ئەوەی گرنگە کە ئێمە دیفاع لە خەڵک دەکەین، داوای مافەکانی خەڵک دەکەین. خەڵکێک هەیە بەمە بێزارە و ناتوانێت قبووڵی ئەم بابەتە بکات. لەبەر ئەوە ئەمە بەردەوام دەبین."

لەکاتێکدا د.غالب وەک پەرلەمانتارێکی چالاک دەناسرێت کە زۆرجار ڕەخنە لە حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتدارانی کورد دەگرێت لەسەر پرسی گەندەڵی، سەرکەوت شەمس، هاوڕێ و پەرلەمانتاری عێراق لە هاوپەیمانییەتی هیوا ئاماژەی بەوە کرد کە بەپێی ئەو زانیارییانەی پێشتر پێیان گەشتبوو، هێرشبەرەکان سەر بە پارتێکی سیاسیی کورد دەبن و ئاماژەی بەوە نەکرد کە چ پارتێکە.

دوابەدوای هێرشەکە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نووسی "ئیدانەی هێرشکردنە سەر پەرلەمانتار غالب محەمەد ئەکەم و سەرجەم دەزگا ئەمنییەکان ڕاسپێردراون لێکۆڵینەوەی ورد لە ڕووداوەکە بکەن و هێرشبەران ڕووبەڕووی یاسا بکەنەوە. لە پەیوەندییەکی تەلەفینیدا هەواڵی کاک غالبم پرسی و دڵنیام کردنەوە ئەم کارە ترسنۆکانە لە هیچ کەسێک قبوڵناکرێت."

لە ئێستادا لێکۆڵینەوە لەسەر کەیسەکە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە بەردەوامە و هەتاکو ئێستدا ئەنجامدەری هێرشەکە، کە دەموچاوی بە ئاشکرا لە کامێراکانی چاودێرییەوە دەردەکەوێت، لەلایە دەزگا ئەمنییەکانەوە نەدۆزراوەتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:20 0:00


XS
SM
MD
LG