Accessibility links

ئیسرائیل ڤاکسینی کۆرۆنا دەکڕێت بۆ حکومەتی سوریا


دیمەنێکی بەرزاییەکانی جۆلان لە دیوی ئیسرائیلەوە
دیمەنێکی بەرزاییەکانی جۆلان لە دیوی ئیسرائیلەوە

ئیسرائیل نزیکەی یەک ملیۆن و دووسەد هەزار دۆلاری داوە بە ڕوسیا تا ڤاکسینی کۆرۆنا بدات بە حکومەتی سوریا وەک بەشێک لەو ڕێککەوتن بۆ ئازادکردنی ژنێکی ئیسرائیلی کە لە دیمەشق دەستگیرکراوە.

ئەو ژنە وەک دەگوترێت بە هەڵە لە بەرزاییەکانی جۆلانەوە چۆتە ناو سوریاوە.

میدیاکانی ئیسرائیل دەڵێن ئەم ڕێککەوتنە لەلایەن مۆسکۆوە داڕیژراوە، دەشڵێن بەڵام دابین کردنی ڤاکسینی کۆرۆنا بۆ حکومەتی سوریا "حکومەتێکی دوژمنی ئیسرائیل کە میوانداری هێزەکانی ئێرانی دوژمن دەکات" بۆتە مایەی ڕەخنەیەکی زۆر لەناو ئیسرائیلدا.

ئەم ڕەخنانەش لە کاتێکدایە وەک دەگوترێت، تەلئەڤیڤ بڕی پێویستی ڤاکسینی کۆرۆنا بۆ فەلەستینییەکانی کەناری ڕۆژئاوا و کەرتی غەززە دابین ناکات.

بەنیامین نەتەنیاهۆ، سەرەک وەزیری ئیسرائیل لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکردووە کە هیچ ڤاکسینێکی ئیسرائیلی نەکراوەتە بەشێک لەو سەودایە، بەڵام هیچ باسی لەوەش نەکردووە ئایا ئیسرائیل پارەی داوە بەو ڤاکسینەی ڕوسیا یان نا، هەرچەندە دەشڵێت "ڕوسیا جەختی لە بە نهێنی هێشتنەوەی ئەو سەودایە کردووە."

ئۆفیسی سەرەک وەزیری ئیسرائیل خۆی لاداوە لەوەی هیچ وردەکاری زانیاری ئەم ڕێککەوتنە باس بکات.

ڕۆژی هەینی ئیسرائیل ڕایگەیاند گەیشتۆتە ڕێککەوتنێک بە ناوبژی ڕوسیا بۆ ئازادکردنی ژنێکی گەنج کە لە سەرەتای ئەم مانگەدا چۆتە ناو سوریاوە لە بەرامبەر ئازادکردنی 2 شوانکارەی سوریایی کە چووبوونە ناو خاکی ئیسرائیلەوە.

بەڵام بەپێی ڕاپۆرتەکانی میدیا، لەم ئاڵوگۆڕەی گیراوەکاندا، تەلئەڤیڤ پارەی داوە بە مۆسکۆ تا ڤاکسینی کۆرۆنا بدات بە دیمەشق.

XS
SM
MD
LG