Accessibility links

ئانکەرە بە گومانی تێرۆریزم لێکۆڵینەوە لە ئەندام پەرلەمانێکی کورد دەکات


سەرۆکی تورکیا لەگەڵ ئەندامانی ئاکەپە لە پەرلەمانی تورکیا
سەرۆکی تورکیا لەگەڵ ئەندامانی ئاکەپە لە پەرلەمانی تورکیا

دادپارێزانی تورکیا دەستیان کردووە بە لێکۆڵینەوە لە پەرلەمانتارێکی کورد لەسەر گومانی سەردانی هەرێمی کوردستانی عێراق، ئەو شوێنەی 13 بارمتەی تورک لە کردەیەکی شکستخواردوی ڕزگارکردندا، کوژران.

دادپارێزانی تورکیا دەڵێن "درایەت دیلان تاشدەمیر، ئەندامی پەرلەمانی تورکیا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە بەهۆی ئەوەی سەر بە ڕێکخراوێکی تێرۆریستییە." ئەم لێدوانەی دادپارێزان تەنها چەند کاتژمێرێک پاش لێدوانەکەی وەزیری ناوخۆی تورکیا بوو لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا و خانم تاشدەمیری بە گوناهبار ناودێرکرد.

سولەیمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت "درایەت دیلان تاشدەمیر کە ئەندامی پارتی گەلانی دیموکراتە، هەدەپە، لە ناوچەی گارە بووە لە باکوری عێراق، ئەو ناوچەیەی تورکیا کردیەکی لەشکریانەی تیادا کرد بۆ ڕزگارکردنی بارمتە تورکەکان، دژی پارتی کرێکارانی کوردستان، پەکەکە."
پەکەکە لەلایەن تورکیا و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانیەوە بە ڕێکخراوێکی تێرۆریست ناودێر دەکرێت.

تورکیا لە هەفتەی ڕابردوودا ڕایگەیاند، پەکەکە ئەو 13 بارمتەیەی تورکیای کوشتووە لەو زیندانەی لێی دانرابوون. زۆربەی بارمتەکان سەر بە هێزە ئاسایشییەکانی تورکیا بوون.

پارتی کرێکارانی کوردستان داندەنێت بەوەی بارمتەکان کوژراون، بەڵام دەڵێت "لە ئاکامی بۆردومانکردنەکانی تورکیا کوژراون."

کوژرانی ئەو بارمتانە، فشارەکانی لەسەر لایەنە کوردییەکان و بەتایبەتیش لەسەر هەدەپە زیاد کردووە.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، هەدەپە بەوە گوناهبار دەکات کە باڵی سیاسی پارتی کرێکارانی کوردستانە و لە ساڵی 2016وە دەیان بەڕێوبەری ئۆفیسەکانی هەدەپە لە شار و شارۆچکەکانی تورکیادا دەستگیرکراون.

وەزیری ناوخۆی تورکیا لە لێدوانەکەی درەنگانێکی ڕۆژی شەممەیدا دەڵێت "هەدەپە سەر بە ڕێکخراوە تێرۆریستییەکەیە و کاربەدەستە هەڵبژێردراوەکانیشی هیچ کەسایەتییەکی سیاسییان نییە و بارمتەی پارتی کرێکارانی کوردستانن."

XS
SM
MD
LG