لە کاتێکدا سەرۆک جۆو بایدن دەستدەکات بە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی نوێکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکی ساڵی 2015 ی نێوان ئێران و زلهێزانی جیهان، پشتیوانانی ڕیککەوتنەکە دەڵێن پێوسیتی بە هەوڵێکی درێژدەم هەیە تا سەرکەوتووبێت، لە کاتێکدا بەرهەڵستانیشی دەڵێن لە بری ئەوە پێویستە تیشک بخاتە سەر هەوڵەکان بۆ قایلکردنی ئێران بۆ ڕێککەوتنێکی نوێی و توندتر.
بە پێی ئەو ڕێککەوتنەی کە لە ساڵی 2015 لە نێوان ئێران ئێران و پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجومەنی ئاسایش لەگەڵ ئەڵمانیا ساز کرا، کە بە P5+1 ناسراوە،پێویستە ئێران چالاکییە ناوکییەکانی سنووردار بکات لە بەرامبەر لادانی سزا ئابورییە نێونەتەوەییەکان لەسەری. سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ساڵی 2018 ڕایگەیاند ئەم ڕێککەوتنە زۆر سەخت نەبووە بۆ سەر ئێران و ئێرانیش بە تێپەڕاندنی ئەو سنووری ناوکییەی بۆی دانرابوو تۆڵەی کردەوە.
سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕۆژی هەینی لە لێدوانێکیدا بۆ کۆنفراسی ئاسایشی میونیخ کە لە کۆشکی سپییەوە بە ئۆنلاین پێشکەشی کرد گوتی " ئێمە ئامادەین بەشداری بکەینەوە لە وتووێژەکانی (P5+1) لەسەر بەرنامەی ناوکی ئێران."
بایدن کە بەڵێنی دابوو بگەڕێتەوە نێو ڕێککەوتنەکە ئەگەر ئێران بە تەواوەتی وابەستەییەکانی بە ڕێککەوتنەکەوە دەستپێبکاتەوە، بە شێوەیەکی پۆزیتیڤانە ڕۆژی پێنجشەممە وەڵامی پێشنیازێکی یەکێتی ئەوروپای دایەوە بۆ ئەوەی شەش وڵاتی زلهێزی جیهانی و ئێران بەشداری وتووێژێکی نافەرمی بکەن بۆ تاوتوێکردنی چۆنیەتی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنەکە.
گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوە ڕایگەیاند ئەمەریکا بانگهێشتێکی لەو جۆرە پەسەند دەکات، کە هێشتا بە فەرمی ڕاینەگەیاندووە.
هەروەها بەڕێوەبەرایەتی بایدن دوو ئاماژەی بۆ ئێران نیشاندا، داواکارییەکی بەڕێوەبەرایەتی ترامپی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران هەڵوەشاندوە کە داوای دەستبەجێ گێڕانەوەی تەواوەی سزاکان بۆ سەر ئێران دەکرد و لەلایەن ئەندامەکانی تری ئەنجومەنەکە ڕەتکرایەوە، و هەروەها ئاماژەکەی تریش کەمکردنەوەی هەندێک لە کۆتوبەندەکانی گەشتکردن بوو بۆ ئەو دیپلۆماتە ئێرانیانەی لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک کار دەکەن.
وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف لە تویتێکدا داواکارییەکانی ئێران لە ئەمەریکا دووپاتدەکاتەوە بۆ " هەڵگرتنی هەمو سزاکانی ئەمەریکا لەسەر ئێران بەبێ مەرج و بە شێوەیەکی کاریگەر." هەروەها زەریف دەشڵێت " ئەگەر ئەمەریکا ئەو کارە بکات ئەوا ئێرانیش دەستبەجێ هەموو وابەستەییەکانی خۆی بۆ ڕێککەوتنەکە دەستپێدەکاتەوە."
لە یەکێک لە وتووێژەکانی بەشی فارسی دەنگی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی عەلی ڤایز یەکێک لە پشتیوانەکانی ئەو ڕێککەوتنە، شارەزای کاروباری ئێران لە گروپی قەیرانە نێونەتەوەییەکان، دەڵێت بایدن ناتوانێت تەواوی سزاکانی ئەمەریکا بە ماوەیەکی کورت هەڵبگرێت چونکە کۆمارییە کەمینەکان لە کۆنگرێسی ئەمەریکا زۆر دژی ئەمەن. ئەو دەشڵێت هەنگاوەکانی ئەمەریکاش لەوە ناچێت قەناعەت بە ئێران بهێنێت ئەو هەڕەشەی ڕێگەگرتن لە پشکێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ناو ئێران نەهێڵێت. ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی زیادکردنی گرژییەکان و سەرپێچییەکی زیاتری ڕێککەوتنەکە.
ڤایز دەشڵێت " لە هەمان کاتدا [بۆ بایدن] کە خواستی وتووێژ لەگەڵ ئێراندا دەرببڕێت هەنگاوێکی گرنگە بەرەو ئەو ڕێگایەی کە هەردوو لا زەمینەیەکی هاوبەش بدۆزنەوە بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنەکە و نیشاندانی ئەوەی کە سەردەمی ئەوپەڕی فشارەکان بەسەر چووە."
بێهروز بەیات ڕاوێژکاری پێشووی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی نێونەتەوەیی بنکە لە ڤیانا و پشتیوانێکی ڕێککەوتنەکە، دەڵێت ئەمەریکا و زلهێزانی تری جیهانی و ئێران لە درێژدەمدا هیچ بژاردەیەکی تریان نییە لەوە زیاتر کە ئەم ڕێککەوتنە لە بپارێزن.
مایکل ئۆهانڵن بەڕێوەبەری لێکۆلەری ئینستتوتی برۆکینس کە ڕەخنەگرە لە ڕێککەوتنەکە دەڵێت بایدن پێویستە بایدن ئەو باڵادەستی داراییە بەکاربهێنێت کە ترامپ بە توندکردنی سزاکانی ئەمەریکا بەدەستهێنا بۆ هەوڵەکانی ئەنجامدانی ڕێککەوتنێکی نوێ کە بەتەواوەتی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران و چالاکییە ناوکییەکانی تری کە دەشێ بۆ چەک بەکاربێن سنووردار بکات.