Accessibility links

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان چوارەمین کۆنگرەی خۆی بەست


کۆمەڵی دادگەریی کوردستان کۆنگرەی چوارەمی خۆی لە شاری سلێمانیدا بەست و کۆمەڵێک گۆڕانکاری جەوهەری لە ناو و ناوەڕۆکی حزبەکەیدا کرد وەکو لێکردنەوەی پاشگری "ئیسلامی" و گۆڕینی ناوی پارتەکە بۆ "کۆمەڵی دادگەری کوردستان" و گۆڕینی ناوی کەسی یەکەمی حزب لە ئەمیرەوە بۆ سەرۆک و چەند گۆڕانکارییەک لە ناوەڕۆکی حزبەکەدا.

ئێوارەی دوێنێ، سەرۆکی لیژنەی باڵای ئامادەکاری کۆنگرەی چوارەمی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری سلێمانی سەرکەوتنی کۆنگرەی حزبەکەی ڕاگەیاند و باسی لەو گۆڕانکارییە گرنگانە کرد کە بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی کۆنگرە لە حزبەکدا ئەنجامدراون.

هاوژین عومەر، سەرۆکی لیژنەی باڵای کۆنگرەی چوارەمی کۆمەڵی دادگەری کوردستان ئاماژەی بەوە کرد بەمەبەستی بڵاوبوونەوە بۆ چینی زیاتری ناو کۆمەڵگا، ئەوان بڕیاریان دا کە ناوی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان بگۆڕن بۆ کۆمەڵی دادگەریی کوردستان.

"ئێمە دوای ئەوەی دیارەسەیەکی زۆرمان کردبوو، موشارەی زۆرمان کردبوو، بەتایبەتی قیادەی ئەم هێزە سیاسییە، گەیشتە ئەو قەناعەتەی کە ئێستا بۆ ئەوەی ئەم هێزە زۆر لە جاران زیاتر بتوانێت باوەش و بیرکردنەوەی فراوان بێت و بتوانێت شەریحەی زۆرترلەخۆ بگرێت، هەستا بە لابردنی کۆمەڵێک بەربەستی شکڵی لە ناو و ناوەڕۆکی خۆیدا و دیارترینیشیان کە ئەنجامیدا بریتیبوو لە گۆڕینی ناوی ئەم هێزە لە کۆمەڵی ئیسلامی کوردستانەوە بۆ کۆمەڵی دادگەریی کوردستان."

لە کۆنگرەکەدا گۆڕانکارییەکی ڕیشەییش لە کۆتای خانمان کرا و ڕێژەکەیان بەرزکرایەوە، و ٤ خانمیش بوون بە ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان.

کۆنگرەی چوارەمی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە ژێر چاودێری لایەنە جیاوازەکان و بەتایبەتیش کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکاندا بەڕێوەچوو.

هاوژین عومەر وتیشی "ئێمە عینوانی کەسی یەکەمی حزبمان لە ئەمیرەوە گۆڕیوە بۆ سەرۆک و ئاڵای ئەم هێزە سیاسییەشمان گۆڕیوە."

ئەم کۆنگرەیە بووەتە جێی مشتومڕ و بۆچوونی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێنا، بەتایبەتیش بەهۆی لێکردنەوەی پاشگری ئیسلامی لە ناوی حزبەکە و گۆڕینی بە کۆمەڵی دادگەریی کوردستان. لەکاتێکدا هەندێک ڕەخنە لەم هەنگاوە دەگرن، هەندێکی تر بە کارێکی ئەرێنی دەبینن و پێیان وایە مەودای کارکردنی حزبەکە فراوانتر دەکات.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:57 0:00


XS
SM
MD
LG