Accessibility links

ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بە بەردەوامی تاوانەکانی جەنگ لە سوریا دەکات


لە ڕاپۆرتێکی نوێی نەتەوە یەکگرتووەکاندا شەڕی نزیکەی 10 ساڵەی سوریا بە جۆرێک ناوزەدکراوە کە لێکۆڵەرەکان بە ترسناکترین پێشێلکاری نێونەتەوەیی و مافی مرۆڤی جیهانی دایانناوە، لە کاتێکدا هەر خەڵکی سڤیلە بوون بە قوربانی دڕندایەتییەکانی ڕابردوو و ئێشتاش.

شیکردنەوەیەک بۆ شەڕی دەساڵەی سوریا بەو ئەنجامە گەیشتووە کە هیچ لایەک بێتاوان نەبووە. کۆمسیۆنی سێ ئەندامی بۆ لێکۆڵینەوە لە شەڕی سوریا، هەمو لایەنە بەشەڕچووەکان تۆمەتبار دەکات بە ئەنجامدانی تاوانی ترسناک بۆ دەستکەوتی سیاسی ماوە کورت یان بە بیانوی شەڕی تیرۆرسم.

کۆمسیۆنەکە دەڵێت قوربانی سەرەکی ئەم تاوانە نێونەتەوەییانە خەڵکی سوریان.

بەرپرسی کۆمیتەکە پاولۆ پنهیرۆ دەڵێت منداڵان، ژنان و پیاوان نرخی ئەو حکومەتە تاکڕەوە دڕندەیەیان داوە کە دەڵێت توندوتیژییەکی زۆر و بەرفراوانی ئەنجامداوە بۆ سەرکوتکردنی بەرهەڵستان.

پنهیریۆ دەڵێت " ئەو کۆمەکە بیانییانەی هەلپەرستانە دەکرێن و پێدانی چەک و شتی دیکە بە لایەنە بەشەڕچووەکان ئاگری شەڕەکەی خۆشتر کرد کە جیهانیش بە بێدەنگی تەماشای دەکات."

ئەو دەشڵێت " لە کاتێکدا شەڕەکە درێژەی پێدەدرێت، نەبوونی کردارێکی بەچاو لەلایەن کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بە گشتی بووە هۆی ئەوەی کە ئەمڕۆ بە ئاشکرایی لەناو سوریادا دەگوزەرێت."

ڕاپۆرتەکە پێداچوونەوە بەسەر ئەوەدا دەکات کە دەڵێت تاکتیکە قێزونەکان لەلایەن هەمو لایەنەکانی شەڕەوە بەکارهاتوون بۆ بەدەستهێنانی ناوچەی زیاتر لەسەر حیسابی دانیشتوان. تیایدا بەڵگەی چەند ڕووداوێکی بۆردومانی ئاسمانی لەلایەن حکومەتی سوریا و ڕوسیای هاوپەیمانییەوە بە نمونە باس کراوە و هەروەها ئاماژە بە بەکارهێنانی 38 جاری چەکی کیمیاییش کراوە لەلایەن هێزەکانی سەر بە بەشار ئەلئەسەدەوە.

باس لە هێرشی بێ جیاوازی هاوەن و مووشەک و بەکارهێنانی ئامێری تەقەمەنی دژ بە خەڵکی سڤیل لەلایەن تیرۆرستان و گروپە چەکدارەکانی تریش دەکات.

کارێن کۆنین ئەبوزەید ئەندامی کۆمیسیۆنەکە دەڵێت دانیشتوانی مەدەنی سوریا لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا ئامانجی گەمارۆی سەردەمن، ئەمەش بۆتە هۆی برسیکردن و سنوردارکردنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ئەو خەڵکە.

ئەو دەشڵێت " هەندێ مافی بنچینەیی مرۆڤ و پێداویستی مرۆیی هەیە وەکو خۆراک، ئاو، پێداویستی تەندروستی و پەروەردە، کە دەبێت بگەیەندرێن بە خەڵکەکە بێ گوێدانە ئەوەی کێ ناوچەکەی کۆنترۆڵ کردووە. ئەم پێشبڕکێ بەردەوامە بۆپێشێلکردنی مافەکانی خەڵکی سوریا دەبێت ڕاگیرێت."

کۆمسیۆنەکە داوای هەوڵی زیاتری کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەکات بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕە و بۆ ئەوەی وڵاتەکە بخرێتە سەر ڕێڕەوی ئاشتی و دادپەروەری. بەڵام هۆشداریش دەدات ئاستی بەردەوام و درێژدەم ئەنجام نادرێت ئەگەر داواکاری قوربانیان بۆ دادپەروەری و بەرپرسیارکردن جێبەجێنەکرێن.

لەو کاتەوەی کە ناکۆکییەکان لە مانگی سێی ساڵی 2011 دەستیان پێکردووە، بە پێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان نزیکەی 400 هەزار کەس کوژراون و زیاتر لە 12 ملیۆن کەسییش لە ناوەوە دەرەوەی وڵاتدا ئاوارە بوون.

XS
SM
MD
LG