Accessibility links

فەرماندەی سوپای گەرمیانی پارتی: هێزەکانمان لە ئامادەباشیدان بۆ پاراستنی بیرە نەوتیەکانی گوێر


فەرماندەیەکی هێزی پێشمەرگە، ئاماژە بەوەدەکات هێزەکانی پێشمەرگە کە ئەرکی پاراستنی بیرە نەوتیەکانی گوێریان لە ئەستۆدایە، لە ئامادەباشیدان بۆ پاراستنی بیرە نەوتیەکان و ڕێگە بە هیچ هێزێک نادەن، لەو بیرە نەوتیانە نزیک بێتەوە.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، لیوا عیرفان حەمەخان فەرماندەی سوپای گەرمیانی پارتی، کە هێزەکانیان بە شێک لە بیرە نەوتیەکانی گوێر دەپارێزن، دەڵێت"هێزەکانمان هەمیشە لە ئامادەباشیدان، نەک تەنها بۆ پاراستنی بیرە نەوتیەکان، بەڵکو ئەو ناوچانە سەنگەری ئێمەن و خوێنمان تێدا ڕشتووە، هەر جوڵەیەک هەبێت، ئێمە ئامادەین بۆ بەرپەرچەدانەوەی."

جەختکردنەوەی فەرماندەکەی پێشمەرگە لە پاراستنی بیرە نەوتیەکانی گوێر، لەکاتێکدایە بەپێی هەندێک زانیاری، هێزەکانی حەشدی شەعبی لەو سنورە، چاویان بڕیووەتە بیرە نەوتیەکان.

نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکان لەسنوری گوێر 12 کم ە، ئەو 12 کم ە بەناوچەی قەدەغەکراو دادەنرێت، هیچ لایەکیان بۆیان نیە هێزی تێ ببەن، لەو بارەیەوە لیوا عیرفان حەمەخان، وتی" 12کم لەنێوان ئێمە و هێزە عێراقیەکان ناوچەی موحەرەمەیە، نە ئەوان بۆیان هەیە بێنە ئەو ناوچەیە، نە ئێمەش تەجاوز دەکەین."

چەند شەوێک لەمەوبەر شاری هەولێر موشەک بارانکرا، دواتر بەرپرسانی پارتی، حەشدی شەعبیان بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار کرد، جەختیانکردەوە هێرشبەرەکان لە سنوری گوێرەوە دزەیانکردووە، لەو بارەیەوە لیوا عیرفان حەمەخان، ڕوونیکردەوە هێرشبەرەکان سەنگەری پێشمەرگەیان نەشکاندووە، ڕەنگە وەکو مەفرەزەی پارتیزانی دزەیانکردبێتە سنورەکە، وتی"گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی و ساروخ، نازانم لە چ قۆڵێکەوە هێنراوە، ڕەنگە خەڵکیان هەبێت ، یاخود مەسەلەکە دەستی گەورەی لەپشتەوە بێت، بەڵام لەهەموو دونیا، مەفرەزەی پارتیزانی دەتوانێت بجوڵێت، تەنانەت لە وڵاتە زلهێزەکانیش."

دەربارەی جوڵەی هێزەکانی حەشدی شەعبی بەرامبەر سەنگەرەکانیان، فەرماندەکەی پێشمەرگە وتی"ئەو هێزانەی بەرامبەر ئێمەن، جوڵەی ئەوتۆیان نیە، ڕەنگە لە سنوری قەرەچوغ و بەهۆی داعشەوە، جوڵەیان هەبێت."

لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، لیوا عیرفان حەمەخان فەرماندەی سوپای گەرمیانی پارتی، سەبارەت بە جوڵەی چەکدارەکانی داعش لە سنوری هێزەکەی، ڕوونیکردەوە داعش مەفرەزەی چەکداریان لە ناوچەکەدا هەیە، بۆیە هێزەکانیان سەنگەر سازیان کردووە و ئامادەن بۆ وەڵام دانەوەی هەر هێرشێک، گەر بکرێتە سەریان.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:22 0:00


XS
SM
MD
LG