Accessibility links

سزادانی 5 ڕۆژنامەنوس و چالاکوان ناڕەزایەتی لێدەکەوێتەوە


سزادانی پێنج ڕۆژنامەنوس و چالاکوانانی مەدەنی، لەلایەن دادگای تاوانەکانی هەولێرەوە، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان نیگەرانی و ناڕەزایەتی بەدوای خۆیدا هێناوە، ڕۆژنامەنوسان و ڕێکخراوەکان داوای پێداچوونەوە بە بڕیارەکە و ئازادکردنی سزادراوەکان دەکەن.

5 چالاکوانان و رۆژنامەنوسەکە، بەپێی مادەی 1 لە یاسای ژمارە 21 ی ساڵی 2003 سزادران، کە مادەکە تایبەتە بە سیخوریکردن و تێکدان، بەڵام ئەو پەرلەمانتارانەی لە دانیشتنەکەی دادگا و لەکاتی پرۆسەی دادگایی کردنەکەدا ئامادەبوون، سزاکە ڕەتدەکەنەوە و پێیانوایە سزادراوەکان هیچ بەڵگەیەکیان لەسەر نەبووە.

گوڵستان سەعید سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان و بەشداربووی دانیشتنەکەی دادگا، بەدەنگی ئەمەریکای وت"ڕاستە دانیشتنەکەی دادگا کراوەبوو، ڕێگەیان دا، ئێمەی پەرلەمانتاران بەشداربین، بەڵام مامەڵەیان لەگەڵ خانەوادەی دەستگیرکراوەکاندا نەشیاو بوو، نەیانهێشت بێنە نێو هۆڵی دادگا."

ڕوونیشیکردەوە هیچ بەڵگەیەکمان نەبینی، کە بیسەلمێنێ سزادراوەکان کاری تێکدەرانەیان ئەنجام دابێت، جگە لە گروپێکی ماسنجەر، کە ڕۆژنامەنوس و چالاکوانەکان بۆ گۆڕینەوەی زانیاری و کاری ڕۆژنامەوانی دایاننابوو.

دوای سزادانی 5 ڕۆژنامەنوس و چالاکوانەکە، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانیش ناڕەزایەتی سەریهەڵدا، ئەمڕۆ چوارشەمەش، لە بەشێک لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان خۆپیشاندان و گردبوونەوە دژی بڕیارەکەی دادگا سەریهەڵدا.

بەشێک لە لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستانیش، ڕاگەیەنراویان بڵاوکردەوە و ئیدانەی بڕیارەکەی دادگایان دەرهەق بە ڕۆژنامەنوس و چالاکوانەکان کرد، داوایانکرد ململانێی سیاسی، تێکەڵ بە دەسەڵاتی دادوەری نەکرێت.

ڕەحمان غەریب ڕێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە ئازادی ڕادەربڕین، بڕیارەکەی دادگای بە چاوەڕوان نەکراو ناوبرد، بەدەنگی ئەمەریکای وت"بڕیارێکی دڵڕەقانە بوو، بڕیارێکی قایلکەر نەبوو بۆ ڕای گشتی، داواکارین ئەو نادادپەروەریەی لە دادگای هەولێر ڕوویدا، دادگا تێهەڵچوونەوە ڕاستی بکاتەوە."

قەبارەی ناڕەزایەتیەکان هێندە فراوان بووە، ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستانی ناچارکرد، ڕوونکردنەوە بڵاوبکاتەوە و تێیدا، پرۆسەی دادگایی کردنەکە، بە پرۆسەیەکی شەفاف ناوببات، وەک لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە"پرۆسەکە لەسەر بنەمای دادگەری بووە، ڕێکاری یاسایش بۆ تانەدان لە بڕیارەکە هەیە، بێگومان پارێزەرانی دۆسیەکە، تانە پێشکەش بە دادگای پێداچوونەوە دەکەن."

ئازاد عوسمان ڕۆژنامەنوس، سزادانی ڕۆژنامەنوس و چالاکوانەکان بە نادادپەروەرانە ناودەبات، پێیوایە دۆسیەکە، دۆسیەی هەموو مرۆڤێکە کە بەتەنگ ئازادی ڕۆژنامەوانی و ئازادی ڕادەبڕینەوە بێت، وتی"ستەمێکی زۆر گەورەیان لێکراوە، نە دۆسیەکەیان هێندە گەورەیە، مەترسی بێت لەسەر کۆمەڵگا، وە ئەو تۆمەتەش کە دراوەتە پاڵیان قابیلی قەبوڵ نیە."

سزادانی ئەو 5 ڕۆژنامەوان و ڕاگەیاندکارە لەکاتێکدایە، هێشتا ژمارەیەک مامۆستا و چالاکوانی تر لە زیندان و بڕیاری کۆتایی لەسەر دۆسیەکانیان نەدراوە.

please wait
Embed

No media source currently available

0:00 0:05:44 0:00


XS
SM
MD
LG