Accessibility links

ناتۆ کاتی کشانەوە لە ئەفغانستان بە گونجاو نازانێت


سکرتێری گشتی هاوپەیمانیتی ناتۆ دەڵێت هێزەکانی خۆی لە ئەفغانستان ناکشێنێتەوە تا ئەو دەمەی دەزانرێت کات گونجاوە.

ئەم لێدوانەی یانس ستوڵتینبێرگ، بەر لە کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری هاوپەیمانێتی ناتۆیە لەسەر دۆسێی ئەگەر و نەگەری کشانەوەی هێزەکانی ناتۆ لە ئەفغانستان.

وەزیرانی بەرگری وڵاتانی هاوپەیمانێتی ناتۆ، ڕۆژی چوارشەممە و پێنجشەممە، بەرزترین ئاستی وتووێژەکانی خۆیان دەکەن، لەوەتای جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لە مانگی ڕابردوودا چووە کۆشکی سپی.

سەرۆک بایدن، پەیمانی داوە زیاتر لە نزیکەوە کار لەگەڵ هاوپەیمانەکانی ئەمەریکادا بکات، پاش 4 ساڵی پشێویی لەگەڵ بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا.

پشتیوانی بەهێز بۆ ئەو 9600 سەربازەی ناتۆ لە ئەفغانستان لە ڕیزبەندی سەرەکی کارنامەی ئەم کۆنفرانسەدا دەبێت، پاش ئەوەی دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لەگەڵ تاڵیبانەکاندا ڕێککەوت بۆ کشانەوەی سەربازەکان لەو وڵاتەدا.

ئایندەی هێزە سەربازییەکانی ناتۆ کەوتۆتە سەر سەرۆک بایدن و ئەگەری وابەستەبوون بەو وادەیەی پێشتر ڕاگەیەندراوە تا مانگی پێج هێزە سەربازییە بیانییەکان لە ئەفغانستان بکشێنەوە یانیش ڕووبەڕووبوونەوەی کاردانەوەی خوێناویانەی یاخیبووانی ئیسلامی لە ئەفغانستاندا.

لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، سکرتێری گشتی ناتۆ دەڵێت " لە کاتێکدا هیچ یەکێک لە وڵاتانی هاوپەیمان نایەنەوێت زیاتر لەو وادەیە بمێننەوە کە پێویستە لە ئەفغانستان بن، بەڵام هەتا کاتەکە گونجاو نەبێت، ناکشێینەوە و وەزیرانی بەرگری هەڵسەنگاندن بۆ ڕەوشەکە دەکەن لەسەر بنچینەی چاودێریکردنی نزیکی پەرەسەندنەکان."

بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک بایدن دەڵێت پێداچوونەوە بەو ڕێککەوتنەدا دەکات و هەروەها پەنتاگۆن تاڵیبان گوناهبار دەکات بەوەی پەیمانەکانی داونی جێبەجێیان ناکات، لەوانە کەمکردنەوەی هێرشەکان و بڕینی پەیوەندییەکان لەگەڵ تۆڕە تێرۆرکارییەکەی ئەلقاعیدەدا.

وەها چاوەڕوان ناکرێت وەزیرانی بەرگری ناتۆ، لە کۆبوونەوەکەیاندا بڕیارێکی کۆنکریتی بدەن لە ئایندەی هێزەکانی ناتۆ لە ئەفغانستاندا.

XS
SM
MD
LG