Accessibility links

تورکیا پەکەکە گوناهبار دەکات و ئەمەریکاش لە لێدوانەکانی ئانکەرە دەکۆڵێتەوە


دیمەنێکی ناوچەی قەندیل
دیمەنێکی ناوچەی قەندیل

تورکیا دەستگیرکردنی 718 کەس ڕادەگەیەنێت و بەوەش گوناهباریان دەکات وەک دەڵێت "بەشێکن لە ڕێکخراوێکی میلیشیایی کورد کە 13 تورکیان لە باکوری عێراق کوشتووە."

هاوکات سەرۆکی تورکیا، ڕەخنە لە بەڕێوبەرایەتی ئەمەریکا دەگرێت لەسەر ئەوەی دەستبەجێ ڕوانینەکانی تورکیای لەسەر ئەو ڕووداوە بە هێند وەرنەگرتووە.

ئانکەرە ئەمڕۆ دووشەممە ئەم دەستگیرکردنە بە کۆمەڵەی ڕاگەیاندووە، یەک ڕۆژ پاش لێدوانەکەی ئانکەرە کە دەڵێت " سەرهەڵداوانی پارتی کرێکارانی کوردستان 13 دیلیان کوشتووە."
پەکەکە لۆمەی کوژرانی دیلەکان لە ئەستۆی هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا دەنێت بۆسەر بنکەکانی سەرهەڵداوانی کورد.

زۆربەی دیلەکان، سەرباز و پۆلیس بوون و وەک دەگوترێت لە ناوچەکانی باشوری ڕۆژهەڵاتی تورکیا ڕفێندراون و لە ئەشکەوتێکدا لە باکوری عێراق دانرابوون.

پارتی کرێکارانی کوردستان لە ساڵی 1984ەوە لە شەڕدایە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا و بەهۆی ئەو شەڕەشەوە دەیان هەزار کەس کوژراون.

وەزارەتی ناوخۆی تورکیا باسی لە وردەکاریی دەستگیرکردنەکان نەکردووە، وەک ئەوەی لە کوێ ڕوویانداوە، بەڵام دەڵێت "ڕێبەرانی پارتی گەلانی دیموکرات، هەدەپە، لە شار و شارۆچکەکاندا، لە نێو گیراوەکاندان."

هەدەپە دووهەم گەورەترین پارتی ئۆپزسیۆنی تورکیایە و نکوڵی دەکات لەوەی پەیوەندی فەرمی لەگەڵ پەکەکەدا هەبێت. پەکەکە لەلایەن ئەمەریکا و تورکیا و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی تریانە بە ڕێکخراوێکی تێرۆریستی دادەنرێت.

بەڵام واشنتۆن پشتیوانی لەو هێزانەی کوردی سوریا کردووە کە تورکیا بە باڵی پەکەکەیان دادەنێت.

کوژرانی ئەو 13 تورکە، پشێوی خستەوە ناو پەیوەندییە ستراتیژییەکەی نێوان ئانکەرە و واشنتۆن کە هەمیشە لە بەرزی و نزمیدایە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت "مردنی ئەو هاوڵاتیانەی تورکیا جێی مەخابنە، بەڵام چاوەڕوانی وردەکاری و پشتڕاستکردنەوەی زیاتری ڕووداوەکەیە تابزانرێت ئایا ڕاگەیاندنەکەی ئانکەرە ڕاستە یان نا."

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا ئەو ڕاگەیاندنەی ئەمەریکا بە "گاڵتەجاڕی" ناودێر دەکات. سەرۆکی تورکیا، ئەمەریکا گوناهبار دەکات بەوەی وەک دەڵێت "لای تێرۆریستەکان دەگرێت"

لە یەکەم لێدوانیدا لەسەر ئەو ڕووداوە کە لە ڕێی تەلەفزیۆنەوە بڵاوکراوەتەوە، ئەردۆغان دەڵێت " ئەمەریکا دەڵێت پشتیوانی لە تێرۆریستان ناکات، بەڵام لە ڕاستیدا ئەمەریکا پشتیوانییان دەکات و لە پشتیانەوەیە."

تورکیا لەم مانگەدا کردەیەکی لەشکریی دەستپێکرد دژی بنکەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە باکوری عێراق. ئەردۆغان لە لێدوانەکانی ئەمڕۆ دووشەممەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە کە "ئەو کردە لەشکریە بۆ ئازادکردنی ئەو 13 دیلە بووە."

پەکەکە دەڵێت "ئەو 13 کەسە لە ئاکامی بۆردومانی تورکیا کوژراون بۆ سەر ئەشکەوتەکەی لێی دانرابوون پاش ڕفاندنیان لە هێرشەکانی 2015 و 2016دا."

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاگەیەندراوەکەی ڕۆژی یەکشەممەیدا دەڵێت "ئەگەر ڕاپۆرتەکانی لەسەر کوژرانی خەڵکی سیڤیلی تورکیا بە دەستی پەکەکە کە بە ڕێکخراوێکی تێرۆریستی دانراوە، پشتڕاست کرانەوە، ئەوا بە توندترین شێوازێکی بشێت، ناڕەزاییمان دەبێت."

تورکیا دەڵێت 12 کەس لەوانەی کوژراون تەنها یەک فیشەک بە سەریانەوەیە و ئەوی تریشیان گوللە بە سنگیەوەیە.

ئەم ڕووداوە، مەترسی بەرزبوونەوەی ئاستی پشێوییەکانی لە عێراق و سوریاشدا زیاد کردووە و وەک تاقیکردنەوەیەکی بەراییشە بۆ پەیوەندییەکانی نێوان ئەردۆغان و بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک بایدن.

تورکیا زۆر دەمێکە حکومەتی عێراق بە چاوپۆشین لە پەکەکە گوناهبار دەکات.

هێشتاش ئەردۆغان چاوەڕوانی پەیوەندی تەلەفونییە لە جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکاوە، وەک دەگوترێت دەشێت ئەو پەیوەندییە تەلەفونییە ببێتە زەمینەیەک بۆ ئاستی پەیوەندیی ئایندەی ئەمەریکا و تورکیا.

XS
SM
MD
LG