Accessibility links

9 میلیشیای بیانی لە سوریا دەکوژرێن


لە ئاکامی هێرشی موشەکیی ئیسرائیل بۆ سەر ژمارەیەک ئامانج و نیشانە لە نزیک شاری دیمەشق پایتەختی سوریاوە، بەلانیکەم 9 میلیشیای چەکداری سەر بە ڕژێمی سوریا کوژراون.

ڕێکخراوی ڕوانگە، بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە سوریا، بنکە لە بەریتانیا دەڵێت "لەو هێرشە ئاسمانیانەی ئیسرائیلدا بۆ سەر شوێنەکانی عەممار کردنی چەک و موشەک 9 میلیشیای چەکدار کوژراون لەو هێزانەی ئێران پشتیوانییان دەکات ."

ڕوانگە ئاماژەش بەوە دەکات ئەو چەکدارانەی کوژراون، عەرەب نین و سەر بەو هێزە بیانییانەن کە پشتیوانی لە ڕژێمەکەی بەشار ئەلئەسەد، سەرۆکی سوریا دەکەن و دەڵێت بەڵام "ناتوانێت ڕەگەزنامەی کوژراوەکان پشتڕاست بکاتەوە، ئایا ئێرانین، یان ئەفغانی و پاکستانین."

ڕوانگە دەڵێت، هێزی بەرگری ئاسمانی سوریا توانیویەتی بەرەنگاری ژمارەیەکی بەرچاوی موشەکە ئیسرائیلییەکان ببێتەوە، بەڵام زۆربەی موشەکەکانی ئیسرائیل نیشانەکانی خۆیان پێکاوە و زیانی ماڵییش هەبووە لەو ناوچانەی کەمێک پاش نیوە شەوی ڕابردوو هێرشەکانیان کراونەتە سەر. ئەو هێرشانە نزیکەی نیو کاتژمێری خایاندووە.

میدیای سەر بە دەوڵەتی سوریاش باسی لەو هێرشانەی شەوی ڕابردوو کردووە، بەڵام دەڵێت هێزی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکە توانیویەتی زۆربەی موشەکەکان لە ئاسماندا بتەقێنێتەوە.

لەوەتای ساڵی 2011 و دەستپێکردنی قەیرانی سوریا، ئیسرائیل بەردەوام هێرشی کردۆتە سەر سوریا و زیاتریش هێزە ئێرانییەکان و چەکدارەکانی حزبوڵای لوبنان و هەروەها هێزەکانی حکومەتی سوریا دەکاتە ئامانج.

ئێران و حزبوڵا، لم قەیرانەدا کە نزیکەی 10 ساڵە بەردەوامە، پشتیوانی لە ڕژێمی سوریا دەکەن.

تەلئەڤیڤ، زۆر بە دەگمەن هێرشەکانی بۆ سەر سوریا پشتڕاست دەکاتەوە، بەڵام لەشکری دەوڵەتی جوو دەڵێت لە ساڵی 2020دا لە نزیکەی پەنجا شوێنی داوە لە سوریای بە شەڕ وێرانبوودا، بەبێ ئەوەی هیچ وردەکارییەکی ئەو هێرشانە باس بکات.

ڕۆژی یەکشەممە، لەشکری ئیسرائیل دەستیکرد بە مانۆڕێکی چوار ڕۆژی سەربازیی لە ناوچە هاوسنورییەکانی لوبناندا لە باکور.

لە ڕووی تەکنیکییەوە هێشتاش لوبنان و ئیسرائیل لە شەڕدان.

XS
SM
MD
LG