Accessibility links

ئەڵمانیا 5 کەس بە ئەندامێتی داعش گوناهبار دەکات


دادپارێزانی گشتی لە ئەڵمانیا دەڵێن 5 کەسی خەڵکی تاجیکستانیان گوناهبارکردووە بەوەی ئەندامی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامین و هەروەهاش بەوەی بەشدارییان هەبووە لە خانەیەکی ئەم ڕێکخراوە توندڕەودا لە ئەڵمانیا.

دادپارێزانی فێدراڵی ئەڵمانیایی لە دادگایەکی هەرێمی دۆسڵدۆرف ئەم گوناهبارکردنانەیان تۆمار کردووە و وەک دەگوترێت یەکێک لەو پێنج کەسە لە مانگی ڕابردوودا گوناهبارکراوە بەوەی ئەندامی داعشە و بەشداری هەبووە لە پێکهێنانی خانەی ئەڵمانیای ئەم ڕێکخراوە توندڕەوەدا لە وڵاتەکەدا و هەروەها پشتیوانی دوو پیلانی هێرشکردنیشی کردووە.

ئەو پیاوە گوناهبارکراوە سزای 7 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا دراوە.

داد پارێزان دەڵێن ئەو 5 کەسە مەشق و ڕاهێنانی لەشکری خۆیان لەو یاریانەدا کردووە کە تەقەمەنی ڕەنگی تیادا بەکاردەهێنرێت و بەشداربووی تری موسڵمانیش لەو یاریانەدا هەبوون و پەیوەندییان هەبووە لەگەڵ ئەو چەکدارەی لە مانگی یازدەی ڕابردوودا لە ڤیەننا 4 کەسی کوشت.

ناوی گومانبارەکانی گوناهبارکراون ئاشکراکراون؛ فەرهودشا،موحەمەدعەلی، ئەزیزجون، سوناتلۆخ، کۆمرۆن. بەپێی یاساکانی ئەڵمانیا ناسنامەی تەواوەتی ئەم گوناهبارکراوانە ئاشکرا ناکرێن.

دادپارێزان دەڵێن، ئەزیزجون، کەناڵی پڕوپاگەندەکردنی بەڕێوەبردوە و یارمەتی کۆکردنەوەی پارەشی داوە بۆ ماڵپەڕەکانی بە زمانی ڕوسیایی و تاجیکستانین و سەر بە تۆڕی ئینتەرنێتی دەوڵەتی ئیسلامین.

دادپارێزان باسیشیان لەوە کردووە، ئەو پێنج کەسە خەڵکیان ناونوس کردووە بۆ داعش و لە سەرەتاکانی ساڵی 2019دا لە ڕۆژئاوای ئەڵمانیا خانەیەکی ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستییەیان پێکهێناوە بە ئامانجی هێرشکردن لەناو ئەڵمانیادا، دەشڵێن فەرهودشا و کەسێکی تریش بە ناوی ڕاڤسان، گوناهبارن بەوەی لە ساڵی 2019دا سەردانی ئەلبانیایان کردووە تا کردەی کوشتن بە کۆنتراکت ئەنجام بدەن و مەبەستیش لێی ئەوەبووە بڕی 40 هەزار دۆلار بۆ داعش کۆبکەنەوە، بەڵام بەهۆی ئەو گومانانەی لەسەر ناسنامەکانیان دروستبووبوو، نەیانتوانیوە هیچ شتێک بکەن.

ڕاڤسان بەوەش گوناهبارکراوە کە دەمانچەیەکی داوە بە سوناتلۆخ تا کەسێک بکوژێت لە ئەڵمانیا چونکە ڕەخنەی لە ئاینی ئیسلام گرتووە. دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا پیلانی ئەو هێرشەیان پوچەڵ کردەوە.

دادپارێزان دەڵێن دواتر ئەو خانەیەی داعش، ستراتیژیەتی خۆی گۆڕی و دەستی کردووە بە جەختکردنەوە لە ڕاکێشانی گەنجانی موسڵمان لە ئەڵمانیادا تا ببنە ئەندامی داعش و هەروەهاش پارە کۆکردنەوە بۆ داعش.

XS
SM
MD
LG