Accessibility links

هەسەدە 100 چەکداری داعشی عێراقی ڕادەستی بەغدا دەکاتەوە


سەرچاوەیەک هێزەکانی سوریای دیمورکات (‌هەسەدە )کە نەیوست ناوی ئاشکرا بکرێت،بۆ دەنگی ئەمەریکای پشتڕاست کردەوە لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا هەسەدە 100 داعشی عێراقی ڕادەستی حکومەتی عێراق کردووە .

بە پێی زانیارییەکان ئەو دەستگیرکراوانەی داعش لە ڕێگای دەروازەی سنووری تلکۆچەرەوە ڕادەستی دەسەڵاتدارانی بەغدا کراون.

جێگای ئاماژەیە، کە نزیکەی 11 هەزار چەکداری داعش لە زیندانەکانی هەسەدەنکە هەتا ئێستا نەخراونەتە بەردەم دادگا، ئەو چەکدارانە هاووڵاتی نزیکەی 54 وڵاتی جیاوازن و بە پێی ڕاپۆرتان زۆربەیان هاووڵاتیانی عێراقی و سوریایین.

لە هەمانکاتیشدا نزیکەی 70 هەزار ئەندامی خێزانی ئەو چەکدارانە لە کەمپی هۆل‌ نیشتەجێکراون کە ئەوانیش زۆربەیان سوریایی و عێراقین.

بە پێی سەرچاوەکەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر حکومەتی عێراقی ڕێگەی نەداوە کەسوکاری ئەو چەکدارانە کە لە کەمپی هۆلن بگەڕێنەوە بۆ عێراق ، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە 100 چەکداری داعش کە لە لایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە دەسگیرکرابوون ڕادەستی عێراق کراون.

چاودێران لەو بڕوایەدان زۆربەی وڵاتان ئامادەنین ئەو هاووڵاتیانەی خۆیان وەربگرنەوە کە چووبوونە نێو داعشەوە و لە گرتوخانەکانی باکووری سوریادان.

دلبرین خەلۆ چاودێری سیاسی دەڵێت بڕیاری ئەم ڕادەستکردنەی چەکدارەکانی داعشی عێراقی پاش ئەوە بووە کە هاوپەیمانان فشارێکی زۆریان کردۆتە سەر حکومەتی عێراق بۆ وەرگرتنەوەی ئەوان.

جێگای وەبیرهێنانەوەیە کە لە ساڵی ڕابردوو ژمارەیەک لە بەندکراوانی داعشی عێراق ڕادەستی حکومەتی عێراق کران کە زۆربەیان بەرپرسی گەورەی داعش بوون وەک حاج ناسر کە بە جێگری بەغدادی ناسرابوو.

XS
SM
MD
LG