Accessibility links

حەشدی شەعبی هەڕەشەی دەستگرتن بەسەر بارەگاکانی پارتی لەکەرکوک دەکات


حەشد

هەنگاوەکانی سوپای عێراق بۆ چۆڵکردنی بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکوک کێشەی لێدەکەوێتەوە، حەشدی شەعبی هەڕەشەی دەستگرتن بەسەر بارەگاکان دەکات، بەرەی تورکمانی و ئەنجومەنی سیاسی عەرەبیش نیگەرانی دەردەبڕن.

لەچەند شەوی ڕابردوودا، هێزە عێراقیەکان ویستیان بارەگاکانی پارتی لەکەرکوک چۆڵ بکەن، کە لەدوای 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 ەوە تێیدان، بەڵام هێزێکی حەشدی شەعبی خۆی ئامادەکرد، بۆ دەستگرتن بەسەر بارەگاکاندا، بۆیە سوپا بارەگاکانی چۆڵ نەکرد و گرفتیش لەنێوان سوپا و حەشد دروست بوو.

عەدنان کەرکوکی وتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوک/ گەرمیان ی پارتی، بەدەنگی ئەمەریکای وت"لەمانگی 10 ی ساڵی ڕابردووەوە، حکومەتی عێراق بڕیاری بۆ چۆڵکردنی بارەگاکانمان لەکەرکوک دەرکردووە، بەڵام خەڵکانی دەرەوەی دەوڵەت و یاسا پابەند نابن بە بڕیارەکەوە."

ئەو بارەگایەی کە پێش ساڵی 2017 ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوک/گەرمیان ی پارتی تێدابوو، لە ئێستادا فەرماندەی ئۆپەراسینەکانی عێراقی تێدایە، کاتێک چەند شەوێک لەمەوبەر ئەو فەرماندەییە ویستی بارەگاکە چۆڵ بکات، حەشد هێزی جوڵاندووە و هەڕەشەی دەستگرتنی بەسەر بارەگاکەدا کردووە.

عەلی حسێنی وتەبێژی میحوەری باکوری عێراقی حەشدی شەعبی، لەلێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، ڕەتیکردەوە ئەوان لەمپەر بن لەبەردەم ڕادەستکردنەوەی بارەگاکانی کەرکوک بەپارتی، وتی"بارەگاکە سوپای تێدایە، قسەکردن دژی ئێمە، پەیوەندی بەنزیکی هەڵبژاردنەوە هەیە."

هاوکات لەگەڵ نیگەرانیەکانی حەشدی شەعبی لەبەرامبەر گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکوک، ئەنجومەنی سیاسی عەرەبی و بەرەی تورکمانیش، دژایەتی خۆیان بۆ ڕادەستکردنەوەی بارەگاکان بە پارتی ڕاگەیاند.

عەدنان کەرکوکی، وتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لەکەرکوک، وتی" حەشد باش دەزانێت، گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکوک، واتە گەڕانەوەی شکۆ بۆ کورد، پارتی ئامادە نیە بچێتە ژێر ڕکێفی هیچ هێزێکەوە، حەشد لەمە نیگەرانە."

ڕەخنەی لە ئەنجومەنی سیاسی عەرەبی و بەرەی تورکمانیش گرت، تۆمەتباری کردن بەوەی لە گۆڕینی باڵانسی هێز دەترسن.

چۆڵکردنی بارەگاکانی پارتی لەکەرکوک، بڕیاری حکومەتی عێراقە و ئەو حیزبە دەیەوێت پێش هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بگەڕێتەوە بۆ کەرکوک، بەڵام گرفتەکانی نێو کەرکوک، ڕێگرن لەبەردەم جێبەجێکردنی بڕیارەکەی عێراق دا.

please wait
Embed

No media source currently available

0:00 0:05:24 0:00


XS
SM
MD
LG