Accessibility links

پەنتاگۆن دەڵێت ‌هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا، سەرنجیان لەسەر داعشە نەک پاراستنی کێڵگە نەوتییەکانی سوریا


ڕۆژی دووشەممە، کاربەدەستێکی بەرگری ئەمەریکا ڕایگەیاند، هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا سەرنجیان لەسەر شەڕی دژ بە پاشماوەکانی گروپی دەوڵەتی ئیسلامییە و پاسەوانی کێڵگە نەوتییەکان ناکەن وەک لەلایەن سەرۆکی پێشوو دانۆڵد ترامپ، فەرمانیان پێکرابوو.

جۆن کیربی گوتەبێژی پەنتاگۆن ڕایگەیاند لەو کاتەوەی کە لە ساڵی ڕابردوو کۆمپانیایەکی ئەمەریکا گرێبەستی لەگەڵ کوردەکان لە باکوری سوریا ئەنجام دا بۆ هاوکاریکردن لە سودوەرگرتن لەو نەوتەی لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا هەیە، سەربازانی ئەمەریکا پەیوەندییان پێوە نییە.

کیربی، گوتیشی ئەو 900 کارمەند و بەڵێندەرە لەشکرییەی ئەمەریکا لە هەرێمەکە "دەسەڵاتی هاوکاریکردنی هیچ کۆمپانیایەکی تایبەتیان پێنەدراوە کە بەدوای گەشەپێدانی سەرچاوە نەوتییەکانن لە سوریادا".

ئەو گوتیشی تاکە ڕێگا ئەوەیە کە سەربازەکانی ئەمەریکا لە سوریا لەژێر مۆڵەتی ڕێگەپێدراوی پاراستنی سڤیلییەکاندا کاربکەن، کە دەکرێت بەردەوامی هێزەکانی ئەمەریکا لە دەوروبەری ناوچەکانی پاڵاوگە نەوتییەکان ڕوون بکاتەوە.

ئەو گوتیشی " گرنگە ئەوەمان بیربێت کە ئەرکی ئێمە لەوێ هێشتا بەردەوامی شکستی داعشە."

ئەم گۆڕانکارییە زیاتر جیاوازی هەڵوێستی جۆو بایدنی سەرۆکی نوێی ئەمەریکایە لە سیاسەتی سەرۆکی پێشوو دانۆڵد ترامپ بۆ شەڕی دەساڵەی ناوخۆی سوریا.

کێڵگە نەوتییە سەرەکییەکان لە ناوچەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەدان، ئەو هەرێمەی کە هێزە کوردییەکانی سوریای دیموکراتی هاوپەیمانی ئەمەریکا بەڕێوەی دەبەن و پشت بە نەوت دەبەستن بۆ داهاتیان.

لە ساڵی 2019 پاش تێکشکاندنی خەلافەتەکەی گروپی تیرۆرستی دەوڵەتی ئیسلامی لە سوریا و عێراق لەلایەن ئەمەریکا و هێزەکانی هاوپەیمانییەوە، ترامپ ڕایگەیاند سەربازەکانی ئەمەریکا زۆربەی دەکشێنەوە و ژمارەیەکی دیاری کراوی هێزەکان دەمێننەوە بۆ پاراستنی کێڵگە نەوتیەکان.

لەو کاتەدا کاربەدەستانی ئەمەریکا ڕایانگەیاند ئەوان بۆ پاراستنی کێڵگە نەوتەکان لەوەی نەکەوێتە دەستی توندڕەوان لەوێن.

ساڵێک پاش ئەوە کۆمپانیایەکی نەوتی ئەمەریکا کە پێشتر نەناسرابوو بە ناوی Delta Crescent Energy ڕێککەوتنێکی لەگەڵ کوردەکان مۆرکرد بۆ چۆنیەتی سودوەرگرتن لە یەدەگی نەوت.

XS
SM
MD
LG