Accessibility links

هەرێم و عێراق لە ڕێککەوتن نزیک دەبنەوە


هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، لەبارەی شایستە داراییەکانی هەرێم و ناردنی پشکە بودجەکەی، خەریکە لە ڕێککەوتن نزیک دەبنەوە، هەرێم ڕەزامەندی نیشانداوە لەسەر ڕادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت یاخود داهاتەکەی بەبەغدا و هێزە عێراقیەکانیش تاڕادەیەک نەرمیان نواندووە.

نزیک بوونەوەی هەرێم و بەغدا لە ڕێککەوتن، دوای چەندین سەردانی وەفدی هەرێم بۆ بەغدا و نێوانگیری کردنی سەرۆک کۆمار دێت، بۆیە بەشێکی زۆر لەو هێزانەی پێشتر دژی ڕێککەوتن بوون، لە ئێستادا نەرمیان نواندووە، بەڵام هێشتا کۆسپ لەبەردەم ڕێککەوتنەکەدا ماوە.

مەیادە نەجار پەرلەمانتاری عێراقی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەدەنگی ئەمەریکای وت"کەشی گفتووگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا و گفتووگۆکانی نێو لیژنەی دارایی ئیجابین، ئینشەڵا ڕێککەوتن دەکرێت."

بەپێی گفتووگۆ و لێکگەیشتنەکان، هەرێم 250 هەزار بەرمیل نەوت یاخود داهاتەکەی ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆی عێراقی دەکات، لەبەرامبەریشدا حکومەتی عێراق مانگانە بودجە بۆ هەرێم دەنێرێت، کە ڕەنگە بڕەکەی بگاتە سەرووی 400 ملیار دینار.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، ئامادەیی هەرێمی بۆ ڕادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتەکە نیشاندا، لەپێناو ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم، وتی"بەڵام داواکردنی هەموو دۆسیەی نەوت، پێچەوانەی دەستورە و قابیلی قەبوڵ نیە."

لای خۆشیەوە هۆشیار عەبدوڵا ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، ڕوونیکردەوە تێگەیشتنێک هەیە بۆ ڕێککەوتن لەسەر 250 هەزار بەرمیل نەوت یاخود داهاتەکەی، وتی"بۆیە 250 هەزار بەرمیل نەوت دیاریکراوە، وا حسابکراوە، ئەو 460 هەزار بەرمیلەی هەرێم دەیفرۆشێت، داهاتی سافی 250 هەزار بەرمیلی بۆ دەمێنێتەوە، چونکە نەوتی هەرێم زۆری تێدەچێت و بەهەرزانیش دەیفرۆشێت."

جەختیشیکردەوە"تێگەیشتن هەیە بۆ ڕێککەوتن لەسەر 250 هەزار بەرمیلەکە، بەڵام پێویستی بە تەخریجە و دەرهێنانێک هەیە، تا بتوانرێت لەنێو پەرلەمان تێپەڕێنرێ، هەرچەندە هێزەکان لەسەر ئەمە نزیکن لە ڕێککەوتن، بەڵام بەهۆی هەڵبژاردن و باڵادەستی گوتاری پۆپۆلیستیەوە، کۆمەڵێک خەڵک هەن هێشتا دژ و توندن."

بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، بۆ نزیککردنەوەی هەولێر و بەغدا لە ڕێککەوتن، بەرهەم ساڵەح سەرۆک کۆماری عێراق، لەگەڵ سەرۆکی زۆربەی هێزەکاندا قسەیکردووە، بەڵام گرفتی بەردەم ڕێککەوتنەکە، پەرلەمانتارەکانە، کە هەندێکیان لەم دۆسیەیەدا، پابەند نابن بە بڕیاری حیزبەکانیانەوە، ئەمە جگە لەوەی لای هەندێک پەرلەمانتاری کوردیش، هێشتا مەترسی پابەند نەبوونی هەرێم نەڕەویوەتەوە.

مەیادە نەجاری پەرلەمانتاری پارتی، جەختیکردەوە"هەرێم بۆ ڕێککەوتن ئامادەیە و نیازپاکی نیشانداوە، تا پابەند بێت بە ڕادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتەکە بە سۆمۆ."

پێشتر حکومەتی عێراق مانگانە 320 ملیار دیناری مانگانە بەهەرێمی کوردستان دەدا، بێ ئەوەی هەرێم هیچ بڕە نەوتێکی ڕادەست بکات، بەڵام لە حاڵەتی ئەنجامدانی ڕێککەوتندا، دەبێت هەرێم 250 هەزار بەرمیل نەوت لە بەرامبەر بڕە پارەیەکدا کە ڕەنگە سەرووی 400 ملیار دینار بێت، ڕادەستی عێراق بکات.

please wait
Embed

No media source currently available

0:00 0:04:35 0:00


XS
SM
MD
LG