Accessibility links

پسپۆڕێکی یو ئێن داوا دەکات وڵاتەکان گیراوەکانیان لە سوریا بگوێزنەوە


فیۆنوالا نی ئۆلەین، پسپۆڕ لە نەتەوە یەکگرتووەکان
فیۆنوالا نی ئۆلەین، پسپۆڕ لە نەتەوە یەکگرتووەکان

57 وڵات لە جیهاندا، ژن و منداڵیان هەیە لەو ئۆردوگایانەی دەستبەسەرکراواندا لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، وەک پسپۆڕێکی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی دەکات.

فیۆنوالا نی ئۆلەین، ئەمڕۆ دووشەممە لە لێدوانەکانیدا ئەو ئۆردوگایانەی بە "قێزەون" ناودێر کرد و داوای لە وڵاتانیش کردووە تا خەڵکی وڵاتەکانیان ببەنەوە لای خۆیان و دەشڵێت "دەستبەسەرکراوەکان لە ڕەوشێکی نا مرۆڤانەدا دەژین لە هەردوو ئۆردوگای ئەلهۆل و ڕۆژ."

دەسەڵاتدارانی کورد هەردوو ئۆردوگاکە بەڕێوە دەبەن.

لە ژنێڤ و لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی ڤیدیۆییدا، خانم فیۆنوالا بە پەیامنێرانی وتووە "لەو ئۆردوگایانەدا زیاتر لە 64 هەزار کەس دەژین و زۆربەیان ژن و منداڵن و زۆربەشیان لاواز و بێهێزن و ژمارەیەکی بەرچاویشیان جێی نیگەرانین لە ڕوانگەی مافەکانی مرۆڤەوە، ئەمەش وەها دەخوازێت وڵاتان بە شێوەیەکی گونجاو سەروسەودایان لەگەڵدا بکەن."

خانم فیۆنوالا، پسپۆڕی یو ئێن بۆ بەرز ڕاگرتن و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لە چوارچێوەی شەڕی دژی تێرۆریزمدا دەڵێت، داواکارییەکانی، پشتیوانی زۆرێک لە پسپۆڕە سەربەخۆیەکانی تری یو ئێنی بەدەستهێناوە، ئەوانەی بەناوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە قسە ناکەن، بەڵکو بەرەنجامی لیکۆڵینەوەکانیان دەخەنە بەردەست یو ئێن، دەشڵێت وردەکاری داواکارییەکانی لە نامەیەکی تایبەتدا نوسیوە بە هەموو ئەو وڵاتانەی پەیوەندییان هەیە بەم دۆسێیەوە، لەوانە؛ ئوستورالیا، بەنگلادیش، بەلژیکا، بەریتانیا، کەنەدا، چین، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، هیندستان، پاکستان، ڕوسیا، سویسرا، تورکیا و هەروەهاش ئەمەریکا.

ئەم پسپۆڕەی یو ئێن دەڵێت، پەتای کۆرۆنا بیانویەک نییە بۆ نەگەڕاندنەوەی هاوڵاتیانی ئەو 57 وڵاتە و دەڵێت هەندێک وڵات سەرکەوتووانە هاوڵاتیەکانی خۆیانیان وەرگرتۆتەوە.

XS
SM
MD
LG