Accessibility links

خانەکانی داعش دەستبەسەرکراوانی ئۆردوگای ئەلهۆل دەکوژن


وێنەیەکی ناو ئۆردوگای ئەلهۆل
وێنەیەکی ناو ئۆردوگای ئەلهۆل

بەلانیکەم 14 کەس کوژراون و سیانیان سەربڕدراون لەناو ئۆردوگایەکی کەسوکاری ئەندامانی ڕێکخراوی تێرۆریستی داعش تیادا دەستبەسەرن لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریادا.

بەپێی لێدوانێکی ئەمڕۆ دووشەممەی کاربەدەستێکی کورد،لەوەتای مانگی یەکی ئەمساڵەوە ئەو کوشتنانە ئەنجام دراون.

ئەمەش نویترین ئاماژەی خراپبوونی باری ئاسایشیە لە ئۆردوگای ئەلهۆل کە کوردەکان بەڕێوبەرایەتی ئەو ئۆردوگایە دەکەن.

نزیکەی 62 هەزار کەس لەو ئۆردوگایەدا هەن و زۆربەشیان ژنان و منداڵانن و خەڵکی سوریا و عێراقن و هەزاران کەسی تریشی تیادایە لە خەڵکی وڵاتانی ئەوروپا و ئاسیا.

ئەحمەد شێخموس، کاربەدەستێکی کوردە و بەپرسیارە لە بەڕێوەبردنی ئەو ئۆردوگایانەدا، بە ئاژانسی دەنگ و باسی فڕانس پرێسی ڕاگەیاندووە "لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا 15 کەس لە ئەلهۆل کوژراون و سیانیان سەربڕدراون و ئەوانی تر بە چەکی بێدەنگ کوژراون و 10 کەسیان خەڵکی عێراق و چواریشیان سوریایی بوون."

ئەم کاربەدەستە کوردە، لۆمەی ئەو کوشتنانەی لە ئەستۆی خانەکانی داعش ناوە لەناو ئۆردوگاکەدا و دەشڵێت "ئەو خانانەی داعش ئەوانە دەکەنە ئامانج کە هاوکاری لەگەڵ بەڕێوبەرانی ئۆردوگاکەدا دەکەن، مەبەستیشیان ئەوەیە ئاژاوە و ترس بنێنەوە لەناو ئۆردوگاکەدا."

بەڵام سەرچاوەیەک لە ڕێکخراوە مرۆییەکان دەڵیت دەشێت ئاڵۆزی عەشرەتگەراییش هۆکارێکی پشت ئەم کردەی کوشتنانە بێت.

نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی ڕابردوودا ئاماژەی بەوە کردبوو لە نێوان یەکی مانگی یەکدا تا 16ی هەمان مانگ، دوازدە کردەی کوشتن لە ئۆردوگای ئەلهۆل ئەنجام دراون.

بەپێی ڕاپۆرتێکی یو ئێن کە لەم مانگی دووەدا بڵاوکراوەتەوە "لەگەڵ ئەوەشدا کە ئۆردوگای ئەلهۆل ژمارەیەکی بێشوماری خەڵکی دەستبەسەرکراوی تیادایە بەڵام ژمارەی پاسەوانەکان لە 1500ەوە (لە ناوەڕاستی ساڵی 2019دا) کەمبۆتە بۆ 400 پاسەوان (لە درەنگانێکی ساڵی 2020دا)"

نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەشی بەوە کردووە لەناو ئەو ئۆردوگایەدا "توندڕەویی و مەشق و ڕاهێنان و پارەکۆکردنەوە و هاندان بۆ کردەی تێرۆریستیانە لە دەرەوە" بوونیان هەیە.

کاربەدەستانی کورد لە باکوری ڕۆژهەلاتی سوریا دەمێکە داوا لە وڵاتانی بیانی دەکەن تا خەڵکی وڵاتەکانی خۆیان ببەنەوە و لە ئۆردوگای ئەلهۆل و ئۆردوگاکانی تر نەهێڵدرێنەوە.

بەڵام وڵاتانی ڕۆژئاوا بە گشتی دوو دڵن لەوەی ئەو هاوڵاتیانەی خۆیان وەربگرنەوە کە پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووە، هەرچەندە هەندێکیان تاک و تەرا لێیان گێڕاونەتەوە بۆ وڵاتەکانیان.

لە قەیرانی سوریادا کە لە ساڵی 2011ەوە بە خۆپیشاندانێکی توندئامێز دژی حکومەتی سوریا دەستیپێکردووە، تا ئێستا زیاتر لە 370 هەزار کەس کوژراون. بە تێپەڕبوونی کات ئەم قەیرانە ئاڵۆزتر دەبوو و جیهادییەکان و زلهێزەکانی جیهانیش کەوتنە ناو شەڕی ناوخۆی سوریاوە.

XS
SM
MD
LG