Accessibility links

حوسییەکانی یەمەن درێژە بە هێرشەکانیان دەدەن


سەرهەڵداوانی حوسییەکانی یەمەن کە کۆماری ئیسلامی ئێران پشتیوانییان دەکات دەستیان کردۆتەوە بە هێرشەکانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی دوا پێگەی حکومەت لە شاری مەئرب و دەیان زیانی گیانی لە هێزەکانی هەردوولا هەن، بەپێی لێدوانەکانی کاربەدەستێکی حکومەت.

دەستپێکردنەوی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی حکومەتی یەمەن کە هاوپەیمانێتی لەشکری بە سەرکردایەتی عەرەبستانی سعودیە پشتیوانی دەکات و سەرهەڵداوان، پاش چەند هەفتەیەکی ئارامی بووە لەو ناوچە دەوڵەمەند بە نەوتەدا.

کاربەدەستێکی حکومەت بەو مەرجەی ناوی نەهێنرێت بە ئاژانسی دەنگ و باسی فڕانس پرێسی وتووە، لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا، حوسییەکان هێزی زیاتریان هێناوە بۆ ناوچەکە و شەڕەکان نزیکەی دەکیلۆمەتر لە شاری مەئربەوە دورن.

ئەو کاربەدەستە دەڵێت "بەلانیکەم 20 جەنگاوەری سەر بە حکومەت کوژراون و 28 ی تریش بریندارن و زۆرێکیش لە سەرهەڵداوان کوژراون بەڵام ژمارەیەکی متمانەپێکراو لەبەردەستدا نییە."

حوسییەکان لە ساڵی 2014وە دەستیان گرتووە بەسەر شاری سەنعا، پایتەختی یەمەندا و هەڵمەتێکی هێرشکردنیشیان دەستپێکرد بۆ دەستبەسەردا گرتنی شاری مەئرب.

ئەو سەرچاوەیەی حکومەتی یەمەن ئاماژەشی بەوە کردووە، لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا، هێزە سەربازییەکانی سەر بە حکومەتی یەمەن 5 هێرشی حوسییەکانیان تێکشکاندووە، پاش تەنها یەک ڕۆژ لەو هێرشە موشەکییەی کرابووە سەر سەربازخانەکەیان لە مەئرب و 3 جەنگاوەری سەر بە حکومەتی تیادا کوژران و 4ی تریش برینداربوو.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ڕۆژی هەینی وتوویەتی بە فەرمی کۆنگرێسی ئاگادار کردۆتەوە لەو خواستەی هەیەتی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ناودێرکردنی حوسییەکان بە تێرۆریست.

بەڕێوبەرایەتییەکەی دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا حوسییەکانی خستە ناو لیستی تێرۆریستانەوە.

لابردنی ناوی ئەم ڕێکخراوە لە لیستی تێرۆریستاندا، یەک ڕۆژ پاش ڕاگەیاندنەکەی جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکایە بۆ کۆتاییهێنان بە پشتیوانییەکانی ئەمەریکا بۆ کردە لەشکرییەکانی هاوپەیمانانی بەسەرکردایەتی عەرەبستانی سعودیە لە یەمەندا.

شانشینی عەرەبستانی سعودیە، لە ساڵی 2015ەوە سەرکردایەتی هاوپەیمانێتییەکی لەشکری دەکات بۆ پشتیوانیکردنی حکومەتی یەمەن کە لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی دانیپێدانراوە، لەو شەڕەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت "بۆتە مایەی خراپترین قەیرانی مرۆیی لە جیهاندا."

XS
SM
MD
LG