Accessibility links

سەرۆکی فەڕەنسا پشتیوانی بۆ حکومەتی کاتیی لیبیا ڕادەگەیەنێت


سەرۆکی فەڕەنسا ئامادەیی بۆ پشتیوانیکردنی حکومەتی نوێی لیبیا ڕاگەیاندووە هاوکاتی وتووێژەکانی لەگەڵ سەرەک وەزیری کاتی لیبیا و هەروەهاش سەرۆکی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتەدا.

بەپێی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتی فەڕەنسا، ئەمڕۆ یەکشەممە، ئیمانوێل ماکرۆن وتووێژی لەگەڵ عەبدولحەمید دبیبە، سەرەک وەزیری کاتی کە بۆ ئەم قۆناغی گواستنەوەیەی وڵاتەکە هەڵبژێردراوە و هەروەهاش لەگەڵ موحەمەد یونس، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی لیبیادا کردووە.

کۆشکی ئەلیزێ دەڵێت سەرۆک ماکرۆن پیرۆزبایی لە هەردوو ڕێبەری لیبیا کردووە و ئاماژەشی بە گرنگیپێدانی دۆزی لیبیا کردووە بۆ دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەک بۆ قەیرانی ئەو وڵاتە و ئامادەیی خۆیشی دەربڕیوە بۆ پشتیوانی کردنی لیبیای بە شەڕ وێرانبوو.

لیبیا لە ڕۆژی شەممەوە چۆتە قۆناغێکی نوێی گواستنەوە پاش هەڵبژاردنی دەسەڵاتێکی کاتیی جێبەجێکردنی یەکگرتوو کە ئەرکەکەی پێکهێنانی حکومەت و ئامادەکارییە بۆ هەڵبژاردنێکی نیشتمانی سەرتاسەری، لە مانگی دوازدەی داهاتوودا بۆ کۆتاییهێنان بە دە ساڵی شەڕ و ئاژاوەگێڕی.

لەسەر ئەم دەسەڵاتە نوێیەی جێبەجێکردنە، دامەزراوە دابەشبووەکانی وڵاتەکە یەکبخاتەوە لە کاتێکدا دابەشبوونێکی بەرچاو دەبینرێت لە نێوان دوو دەسەڵاتی ڕکابەردا لە ڕۆژئاوا و لە ڕۆژهەڵاتی لیبیادا.

لە چوارچێوەی ئەو دانوستاندنەی لە مانگی یازدەی ڕابردوو و بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کرا، 75 ئەندامی بەشدار لە کۆبوونەوەکانی ژنێڤدا، دەنگیان بەم دەسەڵاتە کاتییەی لیبیا داوە و لەسەر ئاستی نێونەتەوەییش پێشوازییەکی گەرمی لێکراوە، بەڵام ئەڵمانیا و ئیتالیا و فەڕەنسا و ئەمەریکاش ڕۆژی هەینی ئاگاهییان دابوو بەوەی وەک دەڵێن "هێشتا ڕێگەیەکی دوور و درێژ لە پێشە."

مشتومڕ هێشتاش بەردەوامە لەسەر عەبدولحەمید دبیبە، چونکە پێشتر لە چەندان پۆستی گرنگدا بووە لە سەروەختی ڕژێمەکەی موعەمەر ئەلقەزافیدا.
ڕژێمی قەزافی لە ساڵی 2011دا ڕوخێنرا پاش ئەوەی 41 ساڵ لە دەسەڵاتدا بوو.

لە مانگی یازدەی ڕابردوودا، ژمارەیەک وەزیری فەڕەنسایی لەوانە وەزیری دەرەوە، لەگەڵ فەتحی باشاغا، وەزیری ناوخۆی لیبیادا کۆبووبوونەوە، ئەو کاتە بە یەکێک لەو کەسایەتیانە دادەنرا کە زۆرترین شییانی هەیە تا سەرۆکایەتی حکومەتی لیبیا بگرێتە دەست و شوێنی فایز ئەلسەڕاج بگرێتەوە.

زۆر جار فەڕەنسا گوناهبارکراوە بەوەی دەستێوەردان لە کاروباری لیبیادا دەکات و بە تایبەتیش بەوەی پشتیوانی دەکات لە ژەنەراڵ خەلیفە حەفتەر، ڕێبەری بەهێزی ڕۆژهەڵاتی لیبیا.

XS
SM
MD
LG