Accessibility links

ڕیاز تێکشکاندنی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی حوسییەکان ڕادەگەیەنێت


ژەنەراڵ تورکی ئەلمالیکی
ژەنەراڵ تورکی ئەلمالیکی

شانشینی عەرەبستانی سعودیە ڕێگەگرتن لە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان ڕادەگەیەنێت وەک دەڵێت لە هەوڵی بە ئامانج گرتنی ناوجەیەکی باشوری وڵاتەکەدا بووە.

ڕیاز، سەرهەڵداوانی یەمەن بەو هەوڵە گوناهبار دەکات لە کاتێکدا ئەمەریکا دەستیکردووە بە هەوڵەکان بۆ لادانی حوسییەکانی یەمەن لە لیستی تێرۆریستان.

ژەنەراڵ تورکی ئەلمالیکی، وتەبێژی هاوپەیمانێتی بە سەرکردایەتی عەرەبستانی سعودیە لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت "ئەمڕۆ یەکشەممە هاوپەیمانێتی توانیویەتی ڕێگە بگرێت لە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی بە بۆمب چێنراو و تێکیشکاندووە، ئەم کردەیە میلیشیا تێرۆریستەکانی حوسییەکان کردویانە، بە ڕێگەیەکی بەرنامەبۆڕێژکراو بۆ بە ئامانج گرتنی خەڵکی سیڤیل لە باشوری عەرەبستانی سعودیە."

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، حوسییەکان کە ئێران پشتیوانییان دەکات، هیچ تێبینییەکیان نەداوە لەسەر ئەوەی کارێکی لەو شێوەیەیان کردبێت.

ژەنەراڵ مالیکی لە ڕاگەیەندراوەکەیدا، هیچ ئاماژەیەکی نەکردووە بەوەی ئایا فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە لە ئاسمانی یەمەندا یان لە سنوری ئاسمانی عەرەبستانی سعودیەدا تێکشکێندراوە.

ئەم ڕاگەیەندراوەی هاوپەیمانێتی بە سەرکردایەتی عەرەبستانی سعودیە، هاوکاتی دەستپێکردنی پرۆسەی لادانی حوسییەکانە لە لیستی تێرۆریستاندا لەلایەن ئەمەریکاوە.

ڕێکخراوە کۆمەککارەکان دەڵێن، دانای حوسییەکان لە لیستی تێرۆریستاندا تەگەرەیەکی ترە لەبەردەم گەیاندنی یارمەتی و کۆمەکە مرۆییەکان بۆ یەمەنییەکان.

شەڕی ناوخۆی یەمەن، وەک لە ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئاماژەی پێکراوە بۆتە مایەی کوژرانی دەیان هەزار کەس و ئاوارەبوونی بە ملیۆنان کەس و هەروەهاش بۆتە هۆکاری خراپترین کارەساتی مرۆیی لە جیهاندا.

بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک بایدن، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو ڕایگەیاند، چییدی پشتیوانی لەو هێرشانە ناکات کە لە ساڵی 2015وە بە سەرکردایەتی عەرەبستانی سعودیە دەکرێن و داواش دەکات کۆتایی بە قەیرانی هەژارترین وڵاتی جیهانی عەرەبی بهێنرێت. سەرهەڵداوانی حوسییەکان لە یەمەن، پێشوازییان لەم ڕاگەیاندنەی ئەمەریکا کردووە. حوسییەکان دەستیان گرتووە بەسەر شاری سەنعای پایتەخت و بەشێکی زۆری ناوچەکانی باکوری یەمەندا.

شانشینی عەرەبستانی سعودیە، لەژێر هێرشی بەردەوامی حوسییەکاندایە کە ئێران پشتیوانییان لێدەکات، بەڵام زۆر بە دەگمەن موشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەکانی حوسییەکان بگەنە ڕیاز پایتەختی عەرەبستانی سعودیە کە نزیکەی 700 کیلۆمەتر لە سنوری یەمەنەوە دوورە.

لە مانگی یەکی ڕابردوودا، هێزە سەربازییەکانی عەرەبستانی سعودیە توانییان لە ئاسمانی ڕیازدا "ئامانجێکی ئاسمانی دژ" تێکبشکێنن، بەڵام بەبێ ئاشکراکردنی ئەو لایەنەی لە پشت ناردنیەوە بووە.

XS
SM
MD
LG