Accessibility links

خامنەئی وابەستە نابێت بە ڕێککەوتنی ناوکییەوە و زەریف داوای ناوبژی دەکات


ڕابەری کۆماری ئیسلامی ئێران جەخت دەکاتەوە لەوەی ئێران وابەستەی ڕێککەوتنی ناوکی نابێتەوە بەر لە هەڵگرتنی سزا ئابورییەکانی ئەمەریکا سەپاندونیەتیە سەر وڵاتەکەی.

لە وتارە تەلەفزیۆنییەکەی ئەمڕۆ یەکشەممەیدا، ئایەتوڵا عەلی خامنەئی، هاوکاتی پێشوازیکردنی لە سەرکردەکانی هێزی ئاسمانی ئێران، دەڵێت "ئەگەر دەیانەوێت ئێران وابەستە ببێتەوە بە ڕێککەوتنە ناوکییەکەوە، ئەوا لەسەر ئەمەریکایە بە تەواوەتی سزاکان لاببات، نەک هەر بە قسە یان بە نوسین."

ئێران و 6 زلهێزەکەی جیهان، ئەمەریکا، فەڕەنسا، بەریتانیا، چین، ڕوسیا، ئەڵمانیا، لە ساڵی 2015دا ڕێککەوتنی ناوکییان مۆر کرد و ئەم ڕێککەوتنە بووە مایەی هەڵگرتنی ئەو سزایانەی سەپێندرابوونە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران و لە بەرامبەریشدا تاران جموجۆڵە ناوکییەکانی کەم بکاتەوە و متمانەش بدات کە هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ناوکی نادات.

دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە ساڵی 2018دا بڕیاری کشانەوەی ئەمەریکای دا لەو ڕێککەوتنە و سزای قورسیشی سەپاندە سەر ئێران.

بەڕێوبەرایەتییەکەی جۆو بایدن خواستی خۆی نیشانداوە بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو ڕێککەوتنە ناوکییە، بەڵام ئەو مەرجەشی داناوە کە ئێران تەواوی وابەستەییەکانی بەجێبگەیەنێت. ئێران دەڵێت هەنگاوی هەرە سەرەکی بۆ وابەستەبوونی، هەڵگرتنی هەموو سزاکانە.

ئایەتوڵا خامنەئی دەڵێت "تەنها ئێران بۆی هەیە مەرجی دیاریکراو دابنێت" و دەشڵێت چونکە تاران ڕێزی لە وابەستەییەکانی خۆی گرتووە بە پێچەوانەی ئەمەریکا و هەر سێ وڵاتە ئەوروپاییەکەی بەشدارن لەو ڕێککەوتنەدا و هیچ وابەستەییەکی خۆیانیان بەجێنەگەیاندووە.

ڕابەری کۆماری ئیسلامی ئێران دەڵێت " مەرجی گەڕانەوەی ئەمەریکا بۆ وابەستەبوون بە ڕێککەوتنەکەوە، سیاسەتی بێ چەندوچوونی ئێرانە و بە هیچ شێوەیەکیش پاشەکشە لەو سیاسەتە ناکرێت."
موحەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە سەرەتای ئەم مانگی دووەدا داوای لە یەکێتی ئەوروپا کردووە تا ناوبژی لە نێوان ئێران و ئەمەریکادا بکات لەپێناو درێژەپێدانی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی نێوانیان.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش دەڵێت "واشنتۆن وەهای دەبینێت هێشتا زووە تا بەو پێشنیازە قایل بێت."

XS
SM
MD
LG