Accessibility links

بڕیارە ئەمەریکا دەستنیشانکردنی حوسییەکان وەکو تیرۆرست هەڵبوەشێنێتەوە، بەهۆی زۆربوونی هەژاری و برسێتی لە یەمەن


بڕیارە ئەمەریکا دەستنیشانکردنی حوسییەکان وەکو تیرۆرست هەڵبوەشێنێتەوە، بەهۆی زۆربوونی هەژاری و برسێتی لە یەمەن

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند بەنیازە دەستنیشانکردنی بزوتنەوەی حوسییەکانی یەمەن وەکو تیرۆرست هەڵبوەشێنێتەوە بەهۆی قەیرانە مرۆییەکانی وڵاتەکەوە، ئەمەش یەكێک لە بڕیارە کۆتاییەکانی بەڕێوەبەرایەتی ترامپ کە زۆرترین ڕەخنەی لێگیرا پێچەوانە دەکاتەوە.

کاربەدەستێکی وەزارەتی دەرەوە ئەو هەڵوەشاندنەوەیەی پشتڕاست کردەوە، ئەمەش ڕۆژێک پاش ئەوەی سەرۆک جۆو بایدن ڕاگرتنی پشتیوانییەکانی ئەمەریکای بۆ هەڵمەتی لەشکری بەڕێبەرایەتی عەرەبستانی سعودیە لە یەمەن ڕاگرتن، کە بە شێوەیەکی زۆر شەڕی ئەو وڵاتە بە شەڕێکی بەوەکالەتی نێوان عەرەبستانی سعودیە و ئێران دەبینرێت.

ئەو کاربەدەستەی وەزارەتی دەرەوە گوتی " بڕیارەکانمان بە تەواوەتی پەیوەندی بەو هەلومەرجەی مرۆییەوە هەیە کە لە ئەنجامی ئەو دەستنیشان کردنەی بەڕێوەبەرایەتی پێشوو هاتۆتە ئاراوە، کە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ لەو کاتەدا بە ڕوونی گوتیان ئەم هەنگاوە خراپترین قەیرانی مرۆیی جیهان خێراتر دەکات."

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەوشی یەمەن وەکو گەوەرەترین قەیرانی مرۆیی ناودێر دەکات لە کاتێکدا %80 خەڵکەکەی پێوستیان بە هاوکاری هەیە.

وەزیری پێشوی دەرەوەی ئەمەریکا مایک پۆمپەیۆ لە 19 ی مانگی یەک ڕۆژێک پێش دەستبەکاربوونی بایدن، حوسییەکانی یەمەنی خستە نێو لیستی ڕەشەوە.

بڕیارەکەی بڕێوەبەرایەتی ترامپ گروپەکانی هاوکاری، نەتەوە یەکگرتووەکان، خاچی سور، کەلوپەلی کشتوکالی، کەلوپەلی دەرمان و تەندروستی ناگرێتەوە. بەڵام کاربەدەستانی نەتەوە یەکگرتووەکان و گروپەکانی هاوکاری مرۆیی ڕایانگەیان ئەو بڕیارە لەجێی خۆی نییەو دەبێت هەڵبوەشێتەوە.

کاربەدەستەکەی وەزارەتی دەرەوە جەختیکردەوە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەستنیشان کردنە گوزارشت لە بۆچوونی ئەمەریکا لەسەر حوسییەکان و " ڕەفتارە نابەجێکانیان" ناکات.

هاوپەیمانی سەربازی بە ڕێبەرایەتی سعودیە لە ساڵی 2015دا لە یەمەن دەستیپێکرد بۆ پشتیوانیکردن لەو هێزانەی حکومەت کە شەڕی دژ بە حوسییەکانی سەر بە ئێران دەکەن. کاربەدەستانی نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵ دەدەن وتووێژەکانی ئاشتی دەستپێبکەنەوە لە کاتێکدا وڵاتەکە دووچاوری قەیرانی دارایی و پەتای کۆرۆنا بووەتەوە.

سیناتۆر کرس مۆرفی دیموکرات، پێشوازی لەو بڕیارە کرد.

ئەو لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " ئەو دەستنیشانکردنە وای کرد ناردنی خۆراک و کەرەستەی تری پێداویستی لە ناو یەمەن ڕابگیرێت و دەبوو بە ڕێگریش بۆ وتووێژێکی سیاسی کاریگەر."

XS
SM
MD
LG