Accessibility links

بڕیارە بایدن کۆتایی بە پشتیوانییەکانی ئەمەریکا بۆ سعودیە لە شەڕی یەمەندا ڕابگەیەنێت


ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی جەیک سولەیڤان ڕایگەیاند سەرۆک جۆو بایدن ڕۆژی پێنجشەممە کۆتاییهینان بە پاڵپشتی ئەمەریکا بۆ هەڵمەتی لەشکری بە ڕێبەرایەتی عەرەبستانی سعودیە لە یەمەن ڕادەگەێنێت کە ماوەی پێنج ساڵە بەردەوامە و قەیرانە مرۆییەکانی لە هەژارترین وڵاتی نیمچە دورگەی عەرەبی قوڵکردۆتەوە.

ئەم هەنگاوە یەكێک لە بەڵێنەکانی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی بایدن جێبەجێ دەکات، کە بەڕێوەبەرایەتییەکەی هەوڵ دەدات بە ڕێگای دیپلۆماسی قەیرانی یەمەن چارەسەر بکات. لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپیدا سولەیڤان گوتی بایدن لەو بڕوایەدایە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا " ڕۆڵێکی کاریگەرتر" دەگێڕێت بەوەی بە ڕێگای وتووێژکردن کۆتایی بە شەڕەکە بهێندرێت.

کەسێکی کە زانیاری وردی لە سەر بابەتەکە هەیە بە مەرجێک ناوی ئاشکرا نەکرێت ڕایگەیاندووە بڕیارە هەتا ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە بایدن دەستنیشانکردنی تیمۆتی لێندەرکینگ وەکو نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ یەمەن ڕابگەیەنێت. ئەم هەواڵەش یەکەمجار لە ڕۆژنامەوی The National ی بنکە لە کەنداوەوە بڵاو بۆوە.

عەرەبستانی سعودیە سەرەتا لە ساڵی 2015 هەڵمەتەکانی دژ بە حوسییەکانی یەمەن دەستپێکرد کە دەستیان بەسەر بەشێکی یەمەندا گرتبوو و لەوێوە هێرشی موشەکییان دەکردە سەر عەرەبستانی سعودیە.

لەو کاتەوە هەڵمەتێکی ئاسمانیی سعودیە ژمارەیەکی زۆر خەڵکی سڤیلی یەمەنی کوشتووە، سەرەڕای هاوکاری ئەمەریکا لەگەڵ سەرکردایەتی و کۆنترۆڵی سوپای سعودی، بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن مەبەستیان لە کەمکردنەوەی زیانە مەدەنییەکان بووە لە هەڵمەتی بۆردومانکردنەکەدا.

بەڕێوەبەرایەتی ئۆباما لەسەرەتادا چرای سەوزی بۆ هەڵمەتەکەی بەڕێبەرایەتی سعودیە داگیرسان. ژمارەیەک لەو بەرپرسە ئەمەریکاییانەی کە ئاگاداری بابەتەکەن دەڵێن پاشگەزبوونەتەوە لەو بڕیارە و ئێستا لەگەڵ بڕیارەکەی بایدندان لە کاتێکدا بەرەو ئەوە دەڕوات ئەمەریکا چی تر بەشێک نەبێت لە پشتیوانی کردنی ئەو هەڵمەتە.

XS
SM
MD
LG