Accessibility links

لە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران لە هەولێر دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان گردبوونەوە و داوای دامەزراندن دەکەن


دەرچوانی زانکۆ لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران
دەرچوانی زانکۆ لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران

ژمارەیەکی زۆر لە دەرچووانی یەکەم، دووهەم و سێهەمی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران لە هەولێر گردبوونەوە بۆ جێبەجێکردنی داواکاریەکانیان کە وەک خۆیان دەڵێن تەنها دامەزراندنە.

ژیلوان ئیبراهیم نوێنەری دەرچووانی یەکەم دووهەم و سێهەمەکانی ساڵی 2016 بۆ 2017 بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ژمارەمان هەزار و سەد خوێندکارە ماوەی پێنج ساڵە داوای دامەزراندن دەکەین لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڵام بەداخەوە تا ئێستا بەهۆی کۆمەڵێک قەیرانەوە کە خۆی دروستی کردووە و هیچ بنەمایەکی نییە لای ئێمە، کێشەی دامەزراندنی ئێمەی یەکلایی نەکردووەتەوە و بۆ چەندەمین جارە دێینە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران تاوەکو لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە وەڵامێکمان بدرێتەوە بەڵام بەداخەوە ماوەی دوو رۆژە لێرەین و شەو لێرە ماوینەتەوە هیچ بەرپرسێکی ئەنجومەنی وەزیران نەهاتووە بەدەم داواکاریەکانمانەوە تا بزانن هۆکارەکە چییە و بۆچی لێرە وەستاوین و شەونخۆنی دەکەین".

دەرچوانی زانکۆ لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران
دەرچوانی زانکۆ لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران

لە لایەکی ترەوە ساکار مەجید دەرچووی سێهەمی کولێژی بنیاتی زانکۆی سەڵاحەدینە لە بەردەم ئەنجومەنی وەزیرانەوە سەبارەت بە گردبوونەوەکەیان بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" بەڵێنیان بە ئێمە دابوو کە ئەمڕۆ کۆبوونەوەیە و چاویان بە ئێمە بکەوێت کەچی هیچ کەس بە دەم داواکاری و کەیسەکەمان نەهاتووە، داوامان لە خوێندنی باڵا و ئەنجومەنی وەزیران و هەموو ئەو لایەن و سیاسی و کەسانە هەیە کە سەر بە کەیسەکەمانن ئاوڕێک لە کەیسەکەمان بدەنەوە بەجددی بۆ چوار ساڵ زیاتر دەڕوات دانەمەزراوین ئەو هەموو شەونخونی و هیلاکی لە کولێژ کەچی هیچ وەڵامێکیان نییە و چەندین جار بەڵێنیان پێداین هەمووی ناڕاست دەرچووە".

سەبارەت بە کێشە و گرفت و داواکاری ئەو دەرچووانەی کە لە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران گردبوونەتەوە، دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە دکتۆر جوتیار عادل گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کرد بەڵام وەڵامی نەدایەوە.

هەر سەبارەت بە کێشە و گرفت و داواکاری ئەو قوتابی و خوێندکارانە کە دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکانن، عەباس ئەکرەم گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" دامەزراندن دەسەڵاتی ئەنجومەنی وەزیرانە".

سەبارەت بەو بەربەست و رێگریانەی بەردەم دامەزراندنی ئەو دەرچووانە، ئەنەس عەبدولڵا دەرچووی دووهەمی کۆلێژێکی زانکۆی چەرمۆیە لە چەمچەماڵ لەوبارەیەوە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " هیچ بڕواناکەم کە بەربەستێکی وەها هەبێت ببێتە هۆی ئەوەی کە ئێمە دانەمەزرێین چونکە چەندین کەسی تر لە چەمکی سەربازی و لایەنەکانی تر دادەمەزرێن و پارە هەیە بەڵام بۆ دامەزراندنی یەکەم و دووهەم و سێهەمەکان نییە و ناکرێت".

جێی باسە چەندین ساڵە دامەزراندن بۆ دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی وەستاوە و دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکانیش چەندین جار گردبوونەوە و خۆپێشاندانیان کرد تا دابمەزرێن بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان دەرفەتی دامەزراندنی نەکردووەتەوە بەهۆکاری ئەوەی کە هەرێمی کوردستان لە قەیراندایە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:58 0:00


XS
SM
MD
LG