Accessibility links

ئەگەری گۆڕانکاری سیاسەتی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ ئاسیای ناوەڕاست


تورکیا و ئازەربایجان بە دەستپێکردنی مانۆڕێکی سەربازی هاوبەش لە ڕۆژی دووشەممە بەردەوامن لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانیان. نمایشکردنی هێزەکانیان لە کاتێکدایە کە هەندێک لە شارەزایان دەڵێن دەشێت سەرنجی سیاسەتی دەرەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ ئاسیای ناوەڕاست بگوازێتەوە.

ئەو مانۆڕە لەشکرییە 12 ڕۆژییە بریتییە لە نمایشکردنی بەشەکانی تانک، یەکەکانی ئاسمانی و هێزی تایبەت. هەروەها چەکە دروستکراوەکانی تورکیاش بەشێکی سەرەکین لێی.

فڕۆکە بێفڕۆکەوانە تورکییەکان بەشێکی گرنگبوون لە شەڕەکەی مانگی 10 ی نێوان ئازەربایجان و ئەرمەنستان لەسەر ناوچەی ناگۆرنۆ-کاراباخ.

سەرکەوتنی ئازەربایجان وەک سەرکەوتنی ستراتیژی بۆ تورکیا دەبینرێت. پرۆفیسۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆی کادر هاسی ئیستەنبووڵسەرحەت گوڤەنچ دەڵێت "تورکیا وەگەڕخستنی زۆری لە لەشکری ئازەربایجاندا کردووە. ئەو وڵاتانە پەیوەندی نژادی نزیکیان هەیە و پەیوەندی خۆیان بە یەک نەتەوە، دوو دەوڵەت پێناسە دەکەن".

خێرایی و یەکلاکەرەوەی سەرکەوتنە سەربازییەکەی ئازەربایجان ، کاریگەری تورکیای لە قەوقازدا بەهێز کردووە ، زیاتر پەیوەندییە نزیکەکانی نێوان ئانکەرەوو باکۆی پتەو کردووە.

حوسێن باغچی بەرپرسی ئینستتوتی سیاسەتی دەرەوەیی بنکە لە ئانکەرە دەڵێت " تورکیا کاریگەرییەکانی لە قەوقازدا زیاد دەکات؛ لەو بارەیەوە لە داهاتوودا کاری زیاتر دەکات."

باغچی دەشڵێت ئانکەرە هەوڵ دەدات سیاسەتی دەرەوەی بگۆڕێت و دەڵێت " تورکیاچیتر کارتی ئاراستەکردنی ئیسلام و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەکارناهێنێت، بەڵام لەبەری ئەوە زیاتر نەتەوە پەرستنی تورک بەکاردەهێنێت."

ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا بە شێوەیەکی نەریتی خۆی وەکو بەرگریکارێکی موسوڵمانانی جیهان نیشان دەدات.، بە تایبەتی بۆ فەلەستینییەکان.

ئانکەرە هەروەها پشتیوانێکی بەهێزی ئەخوان ئەلموسلمینە لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و ڕێکخراوی حەماس، کە لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپاوە بە ڕێکخراوێکی تیرۆرستی هەژمار دەکرێت.

بەشێوەیەکی زۆر بۆ تۆڕەکردنی ئیسرائیل و ناڕەحەتکردنی واشنتن، حەماس بە شێوەیەکی ڕۆتین کۆبونەوەکانی لە تورکیا ئەنجام دەدا و ئانکەرە میوانداری ڕێبەرەکانی دەکرد. ئەم هەنگاوانەش کاریگەری باشی هەبوو بۆ ئەردۆغان لە نێو دەنگدەرە موسوڵمانەکانیدا.

بەڵام شارەزایان دەڵێن ئانکەرە نیگەرانە لەمەڕ ڕێککەوتنی ئیبراهیمی ئیسرائیل بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەب کە بە ناوبژیوانی ئەمەریکا ئەنجام درا.

لە کاتێکدا بە پێی ڕاپۆرتان وڵاتانی تری عەرەب، لە ناویاندا قەتەری هاوپەیمانی نزیکی تورکیا، ئامادەیە بەشداری ڕێککەوتنی ئبراهیم بکات، باغچی دەڵێت، ئەو مەترسییە لە ئانکەرە هەیە کە تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەراوێز بخرێت.

ئەو دەڵێت " کارتی ئیسلام و قسەکانی ئەردۆغان بۆ یەکڕیزی موسوڵمانان لە پاش ڕێککەوتنی ئبراهیمەوە چیتر کاریگەری نابێت. هەموان لە توکیا درکیان بەوە کردووە عەرەبەکان لەگەڵ یەکتردا شەڕدەکەن بەڵام ئاشتیش لە نێو یەکتردا دەکەن. عەرەبەکان تورک نین. ئەمە شتێکی زۆر سادەیە. ڕای گشتی تورکیا ئێستا زیاتر لەمە تێگەیشتوون و ئیسرائیلییەکانیش براوەن."

بەڵام شارەزایانی تر بە وریاییەوە دەڕواننە گۆڕانکاری تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بەرەو وڵاتانی تورکنژادی ئاسیای ناوەڕاست. گوڤەنچ دەڵێت " زۆرزووە ئەوە بگوترێت بەڵام هەندێک ئاماژە بۆ ئەوە هەیە."

گوڤەنچ ئاماژە بەوە دەکات کە لایەنە سیاسیە ڕاستڕەوەکان لە تورکیا بەشێوەیەکی فراوان فەلسەفەی نەتەوەپەرستی و ئیسلامیان پەیڕەو کردووە، کە لەلایەن فەرمانڕەوا سەربازییەکانی ئەو وڵاتەوە لە سەرەتای1980 کانەوە بە ناوی "پێکهێنانی ئیسلامی تورک" دروستیان کردووە.

هاوپەیمانی پەرلەمانی ئەردۆغان، مەهەپەی نەتەوە پەرست وەکو پشتیوانێک بۆ گۆڕانکاری ڕێبازی تورکیا دەبیندرێت. باغچی دەڵێت " لەگەڵ مەهەپەدا، ئەردۆغان زیاتر کارتی نەتەوە پەرستی لە کاتری ئیسلامی بەکاردەهێنێت."

لەگەڵ ئەمەشدا هەر ئاراستەیەک بەرەو قەوقاز و دەرەوەی ئاسیای ناوەڕاست وەکو وڵاتانی تورکمانستان، تاجکستان و کازخستان بەبێ مەترسی نابێت.

گوڤەنچ دەڵێت " ئەمە بێگومان بە دڵی ڕوسیا نابێت کە ناوچەکە لەژێر کاریگەری خۆیدا دەبینێت. لە ئاسیای ناوەڕاست تورکیا لە ئێستاوە شەڕەکەی دۆڕاندووە لە کاتێکدا ڕوسیا و چینیش کاریگەرییەکانی خۆیان لەو ناوچەیەدا بەهێز دەکەن."

ڕوسیا هەوڵەکانی پێشووی تورکیای بۆ پرۆژەی کاریگەری لەسەر ئاسیای ناوەڕاست پوچەڵکردەوە بەڵام زاور گاسیمۆڤ ، شارەزا لە ڕووسیا و ئاسیای ناوەڕاست لە زانکۆی بۆن - ی ئەڵمانیا ، پێیوایە ئانکەرە دەستێکی باڵاتری دەبێتهەروەها دەشڵێت "بەراورد بە ساڵانی نەوەدەکان و دووهەزارەکان، تورکیا لە ئێستادا لە زیاتر باڵادەستی هەیە لەکاریگەرییەکانی بۆ سەر کۆمارەکانی ئاسیای ناوەڕاست، سیاسەتی ئابوری و کۆچکردنەکەی هەر وەک ڕوسیا بەکار دەهێنیت".

تورکیا میوانداری زۆرێک لە کرێکارانی کۆچبەر دەکات لە سەرانسەری وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست، هەوڵی پەرەپێدان و بەهێزکردنی پەیوەندی ئابووری و کلتوری دەدات.

پەرەسەندنی هەژمونی تورکیا لە ئاسیای ناوەڕاست ڕەنگە لە ناوچەکەدا پێشوازی لێبکرێت بۆ کەمکردنەوەی هەژمونی بەهێزی ڕوسیا.

XS
SM
MD
LG