Accessibility links

کۆسۆڤۆ لەگەڵ ئیسرائیلدا ڕێکدەکەوێت و ئۆرشەلیم بە پایتەخی دەوڵەتی جوو دادەنێت


ئیسرائیل و کۆسۆڤۆ، پەیوەندی دیپلۆماسی لە نێوانیاندا دروست دەکەن.

ئەم هەنگاوەی ئەمڕۆ دووشەممەی کۆسۆڤۆ کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی موسڵمانن، دانپێدانانی ئەوەیشی تیادایە، شاری ئۆرشەلیم پایتەختی دەوڵەتی جووە، ئەمەش وەها دەکات جیاواز بێت لە تەواوی جیهانی ئیسلامی.

لەوەتای مانگی 8ی ڕابردووەوە ئیسرائیل پەیوەندی لەگەڵ 4 وڵاتی عەرەبدا پێکهێناوە بەهۆی ژمارەیەک ڕێککەوتنەوە کە دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا ناوبژی دەکرد و هەر هەمووشیان پێکەوە بە پەیماننامەی ئیبراهیم ناسراوە. بەڵام زۆربەی لایەنەکانی ئەو پەیماننامەیە "میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب، بەحرەین، شانشینی مەغریب، سودان" دەڵێن باڵیۆزخانەکانی خۆیان لە شاری تەلئەڤیڤ دادەنێن، ئەمەش وەک هاوڕاییەکی جیهانی کە دان نانرێت بە ئۆرشەلیمدا وەک پایتەختی دەوڵەتی جوو تا ئەو کاتەی قەیرانی نێوان ئیسرائیلی و فەلەستینییەکان چارەسەر دەکرێت.

لە بەرامبەر کردنەوەی نوێنەرایەتی دیپلۆماسی کۆسۆڤۆ لە ئۆرشەلیم، ئیسرائیل داندەنێت بە کۆسۆڤۆدا کە لە هەوڵی بەدەستهێنانی ڕەوایی زیاتردایە بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆییەکەی لە ساڵی 2008دا و جیابوونەوەی لە سیربیای دوژمنی کە لە شەڕدا بوو لەگەڵیدا.

بەهۆی پەتای کۆرۆنا و ئەو ڕێوشوێنانەی گیراونەتەبەر، کاربەدەستان ئەمڕۆ دووشەممە ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکەیان بە جیا جیا لە ئۆرشەلیم و لە پرشتینا مۆر کردووە.

گابی ئەشکەنازی، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دەڵێت "ئەم مەڕاسیمەی ئەمڕۆ دووشەممە، بۆ یەکەمین جارە لە مێژوودا پەیوەندی دیپلۆماسی لەڕێی تۆڕی زوومەوە پێکبهێنرێت."

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دەشڵێت، داوا فەرمییەکەی کۆسۆڤۆ پەسەند کراوە بۆ کردنەوەی باڵیۆزخانەکەی لە ئۆرشەلیم.

XS
SM
MD
LG