Accessibility links

گەمارۆی ئوتێلەکەی سۆماڵیا پاش کوژرانی 4 هێرشبەرەکە کۆتاییپێهات


هێزەکانی پۆلیس لەبەردەم ئوتێلی ئافریک لە مەگادیشۆ

هێزە سەربازییەکانی سۆماڵیا کۆتاییانهێنا بە گەمارۆی جیهادییەکان بۆ ئوتێلەکەی مەگادیشۆ و پۆلیس دەڵێت بەلانیکەم 5 کەس کوژراون لەو هێرشەی سەرهەڵداوانی ئەلشەباب کردویانە.

پۆلیس دەڵێت زوویەکی ئەمڕۆ دووشەممە هێزەکانی، کۆتاییان بە گەمارۆدانەکەی ئوتێلەکە هێناوە.

سادق ئادان عەلی، وتەبێژی پۆلیسی سۆماڵیا دەڵێت "پاش زیاتر لە 8 کاتژمێر کۆتاییهێنرا بە گەمارۆی ئوتێلی ئافریک و هەر چوار سەرهەڵداوە هێرشبەرەکەش کوژراون." دەشڵێت سەرهەڵداوان نارنجۆک و هەروەها ئاڕ پی جییان بەکارهێناوە لەو هەوڵانەی دەیاندا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو هێزانەی پۆلیس کە ڕێی دەربازبوونیان بۆ نەهێشتبوونەوە.

کاربەدەستانی تەندروستی لە مەگادیشۆ دەڵێن بێ لەوانەی کوژراون، 15 کەسی تریش بریندارن و لە نەخۆشخانە هێڵراونەتەوە.

ڕێکخراوی ئەلشەباب، بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشە ڕاگەیاندووە لەڕێی ڕادیۆی ئەندەلوس و هەروەهاش ماڵپەڕی سۆماڵیمێمۆ.

ژەنەراڵی خانەنشین موحەمەد نور جەلال یەکێکە لە کوژراوەکان، ئەم ژەنەراڵە ناودارەی سۆماڵیا لەو ئوتێلە دەژیا کە هێرشی کرایە سەر. ژەنەراڵێکی تر و زیاتر لە 100 کەسی سیڤیل لە ئوتێلەکە ڕزگار کراون، وەک وتەبێژی پۆلیسی سۆماڵیا باسی کرد.

شوێنی ئوتێلەکە لەسەر ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێونەتەوەیی شاری مەگادیشۆ بووە و ئێستا ڕێگەی فڕۆکەخانەکە کراوەتەوە هێزەکان کەوتوونەتە خاوێنکردنەوە و چاکردنەوەی ئەو شوێنانەی زیانیان لێکەوتبوو بەهۆی تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلێک و بەکارهێنانی چەکی تریشەوە لەو هێرشەدا کە درەنگانێکی ڕۆژی یەکشەممە دەستیپێکرد.

موحەمەد عەبدوڵاهی موحەمەد، سەرۆکی سۆماڵیا و هەروەها سەرەک وەزیری وڵاتەکەش ناڕەزایی خۆیان دەربڕیوە بەرامبەر ئەو هێرشە و پرسە و ماتەمی خۆشیان گەیاندۆتە کەس و کاری ئەوانەی گیانیان لە دەستداوە.

XS
SM
MD
LG